ڕاگه‌یاندنی كومیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ بۆ پشتیوانی له‌ مانگرتنی گشتی خه‌ڵكی شاری بانه‌


2017-09-05 | ۱۳۹۶-۰۶-۱۴

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ١٣ی مانگی خه‌رمانان دوو كۆڵبه‌ر به‌ ناوه‌كانی "حه‌یده‌ر فه‌ره‌جی" ٢١ ساڵان و "قادر سۆهرابی" ته‌مه‌ن ٤٥ ساڵان به‌ هۆی ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی مه‌ئمورانی سه‌ر سنووری ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری كۆماری ئیسلامیی گیانیان له‌ده‌ستدا.

به‌ دوای ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ ئاشكرا، شه‌پۆلێك له‌ قین و تووڕه‌یی، خه‌ڵكی شاری بانه‌ و ده‌ورووبه‌ری گرته‌وه‌. له‌ كاردانه‌وه‌ به‌م كاره‌ دژه‌ مرۆڤانه‌یه‌ی ڕژیم، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ‌١٤ی مانگی خه‌رمانان خه‌ڵكی ناڕازیی بانه‌، هه‌موو شوێنێكی شاریان ته‌عتیل كرد و وێڕای مانگرتنی گشتیی له‌ كۆبوونه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیاندا له‌وانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر فه‌رمانداریی ئه‌مشاره‌ خوازیاری كۆتایی هێنان به‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران، موحاكمه‌ و سزای به‌رپرسان و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ بوون.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ كه‌ شاهیدی كوشتاری ڕۆژانه‌ی كۆڵبه‌ران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش له‌ سه‌ر سنووره‌كانین كه‌ به‌ هۆی بێكاری و بارودۆخی خراپی ژیان، ڕوویان كردووه‌ته‌ كاری تاقه‌ت پڕووكێنی كۆڵبه‌ری. جه‌نایه‌ت و كوشتاری ڕۆژانه‌ی كۆڵبه‌ران پێویسته‌ وڵامێكی شیاو و شایسته‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان له‌ دژی كۆماری ئیسلامیی، كه‌ هۆكاری داسه‌پاندنی وه‌ها بارودۆخێكی دژواری ژیان به‌سه‌ر زۆربه‌ی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشه‌، وه‌ربگرێت.

كۆتایی هێنان به‌ جه‌نایه‌تی هێزه‌كانی ڕژیم، كه‌ به‌ بڕیاری كاربه‌ده‌ستانی باڵای كۆماری ئیسلامیی، ڕۆژانه‌ له‌ سنووره‌كانی كوردستان به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش ئه‌نجامی ده‌درێت، ته‌نیا به‌ پشتیوانی خێرای خه‌ڵكی كوردستان مسه‌وگه‌ر ده‌بێت. كۆمه‌ڵه‌ له ناڕه‌زایه‌تیی ڕه‌وای‌ خه‌ڵكی شاری بانه‌ پشتیوانیی ده‌كات و داوا له‌ ته‌واوی خه‌ڵكی خه‌باتكار و ئازادیخوازی كوردستان ده‌كات كه‌ پشتیوانیی له مانگرتن خه‌ڵكی بانه‌ و له‌ كۆڵبه‌رانی زه‌حمه‌تكێش بكه‌ن و جه‌نایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامیی له‌ سه‌ر سنووره‌كان مه‌حكووم بكه‌ن. پێویسته‌ كه‌ هێزه‌ چه‌په‌كان، ڕێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان و ڕه‌وته‌ سیاسیه‌كانی نه‌یاری ڕژیم، پاڵ پشتی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی بانه بن و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر جه‌نایه‌تی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی مه‌حكووم و ڕسوا بكه‌ن.

كۆمه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی خۆشه‌ویستی ئه‌و دوو كۆڵبه‌ره‌ كه‌ گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ له‌ قوڵایی دڵه‌وه‌ هاوخه‌می خۆی ده‌رده‌بڕێ و هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌وان و سه‌رجه‌م خه‌ڵكی خه‌باتكاری كوردستان، خوازیاری كۆتایی هێنان به‌ جه‌نایه‌تی كۆماری ئیسلامیی له‌ دژی كۆڵبه‌ران و كاسبكارانی زه‌حمه‌تكێشی سه‌ر سنووره‌كانه‌.

كۆمه‌ڵه‌ "ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران"
١٤ی خه‌رمانانی ١٣٩٦

دوایین راگه یاند نه کان