ڕاگه‌یاندنی ژماره‌ ٢ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بۆ پشتیوانی له‌ ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان له‌ كاردانه‌وه‌ به‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران


2017-09-06 | ۱۳۹۶-۰۶-۱۵

ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی شاری بانه‌ كه‌ له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ١٣ی مانگی خه‌رمانانه‌وه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ به‌ كوژرانی دوو كۆڵبه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر فه‌رمانداری ڕژیم ده‌ستی پێكرد و ڕۆژی دواتری واته‌ سێشه‌ممه‌ ١٤ی مانگی خه‌رمانان به‌ مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی خه‌ڵك درێژه‌ی هه‌بوو، هه‌روا به‌رده‌وامه‌. دوێنێ له‌ جه‌ریانی مانگرتن و خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی خه‌ڵك، هێزه‌ ئینتزامییه‌كان له‌سه‌ر بڕیاری فه‌رمانداری شار، خۆپشاندانه‌كه‌یان به‌ره‌و تووندوتیژی برد و له‌ دژی خه‌ڵكی ناڕازیی گازی فرمێسكڕێژ و گوله‌ی پلاستیكیان به‌كار هێنا. له‌ ئاكامدا ژوماره‌یه‌ك بریندار بوون و به‌ پێی دوایین ڕاپۆرته‌كان ١٥ كه‌سیش ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. ڕژیم هێزی دژه‌ شۆڕشی بۆ شاری بانه‌ ڕه‌وانه‌ كرد و له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌مشاره‌ جێگیر كران.

ڕۆژی ڕابردوو به‌ دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی شاری بانه‌، شه‌پۆلێك له‌ ڕاگه‌یاندنی هاوپشتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌مشاره‌ و ده‌ربڕینی بێزاری له‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران، هه‌موو شاره‌كانی كوردستانی گرته‌وه‌. خه‌ڵكی ناڕازیی له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌وانه‌ "مه‌ریوان، سه‌قز، سه‌رده‌شت، پیرانشار و مهاباد له‌ لایه‌ن كه‌مپیه‌نه‌ خۆڕسكه‌كانی "پشتیوانی له‌ كۆڵبه‌رانی كوردستان" به‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌یانییه‌ و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر پشتیوانی خۆیان له‌ داخوازی ڕه‌وای كۆڵبه‌ران و خه‌ڵكی بانه‌ ده‌ربڕی و خوازیاری كۆتایی هێنان به‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران بوون.

ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاته‌ گوزه‌راوه‌ كه‌ ڕژیمی سه‌ركوتگه‌ریی كۆماری ئیسلامی بتوانێ به‌ ئاسانی له‌سه‌ر وه‌ها جنایه‌تێك سه‌رپۆش دابنێت و یان به‌ نومایش و به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی خه‌ڵك ناچار به‌ بێده‌گی بكات.
بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌وا كه‌ به‌ درێژایی مێژوویی ته‌مه‌نی پڕ له‌ جورم و جه‌نایه‌تی كۆماری ئیسلامی له‌ كوردستان له‌ ئارا دایه‌، زۆر جار به‌ حه‌ره‌كه‌تی به‌ربڵاو له‌وانه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگ خه‌باتی لێبڕاوانه‌ و دواتر مانگرتنی گشتی، یه‌كگرتوو و سه‌رتاسه‌ری له‌ ناڕه‌زایه‌تیی به‌ ئێعدامی "شوانه‌ سه‌یێد قادری" له‌ مهاباد له‌ ساڵی ١٣٨٤ و هه‌روه‌ها مانگرتنی گشتی له‌ ناڕه‌زایه‌تیی به‌ ئێعدامی فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر و چوار كه‌سی دیكه‌ له‌ به‌ندكراوانی سیاسی له‌ ساڵی ١٣٨٩، سه‌لماندیان كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ بێده‌نگ نابن. ئه‌مڕۆ ئه‌م ئه‌زمونه‌ كه‌ وه‌كوو خه‌باتێكی جددی له‌ دژی سیاسه‌ت و كرده‌وه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ كوردستان درێژه‌ی هه‌یه‌ و جارێكی دیكه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ كوردستان جێگه‌یه‌كی نییه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ زه‌ربی سه‌ركوت خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له‌ قین و تووڕه‌یی خه‌ڵك، حكومه‌ت ده‌كات. ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی بانه‌ كه‌ به‌ خێرایی ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌ربڵاوی هه‌بوو و شه‌پۆلێك له‌ هاوخه‌می و پشتیوانی شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانی به‌ دواوه‌ بوو، ده‌توانێ به‌ ناڕه‌زایه‌تیی په‌یگیر، به‌رده‌وام و سه‌رتاسه‌ری بۆ داسه‌پاندنی خواست و داواكاری ڕه‌وای خه‌ڵك به‌ سه‌ر ڕژیمێكدا بێت كه‌ جگه‌ له‌ جه‌نایه‌ت و هه‌ژاری و ده‌سته‌نگی شتێكی دیكه‌ بۆ خه‌ڵك به‌ دیاری نه‌هێناوه‌.

داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی شاری بانه‌ داواكاری هه‌موو خه‌ڵكی مافخوازی كوردستانه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ربڵاو و به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆ به‌ مه‌به‌ستی به‌دیهاتنی پشتیوانی لێ بكرێت.

خه‌ڵكی بانه‌ ده‌یانهه‌وێت:

١_دادگایی کردن و سزا دانی ئامران و عامڵانی کوشتنی ئەو دوو کۆڵبەرەی رۆژی دووشەممە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستدا. ٢ – کۆتایی هێنان بە کوشتاری کۆڵبەران و پارێزراو بوونی ئەمنیەتیان له‌ ڕێگای پێكهێنانی كار یا بیمه‌ی بێكاری، بە شێوەیەک کە ناچار نەبن روو بکەنە کاری پڕ مەترسی کۆڵبەری. ٣ – ئاسایی بوونەوەی فەزای ئەمنیەتی له‌ بانه‌ و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان. ٤ – لابردنی فەرمانداری ڕژیم و دادگایی کردن و سزادانی بە هۆی دانی بڕیاری کوشتنی کۆڵبەران. ٥_ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوانی خۆپیشاندانی ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ له‌ بانه‌ خێرا ئازاد بكرێن.

كۆمه‌ڵه‌ درێژه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌ مه‌رجی پێویستی داسه‌پاندنی ئه‌م خواستانه‌ به‌سه‌ر ڕژیمدا ده‌زانێ و جارێكی دیكه‌ پشتیوانی خۆی له‌سه‌ر خواستی خه‌ڵكی ناڕازیی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێت. ئێمه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ پێشكه‌وتوو خوازه‌كانی نه‌یاری ڕژیم له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ین به‌ هه‌ر جۆرێك كه‌ ده‌توانن پشتیوانی له‌ ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك له‌ شاره‌كانی كوردستان و جێبه‌جێ كردنی خواسته‌كانیان بكه‌ن.

كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌، ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

١٥ی خه‌رمانانی ١٣٩٦

دوایین راگه یاند نه کان