ارسال

ده‌ستپێكی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماری و شوڕاكان له‌ ئێران


2017-05-19 | ۱۳۹۶-۰۲-۲۹

دوازده‌هه‌مین ده‌وری هه‌لبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماری ئێران، هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی شوڕاكان و میان ده‌وره‌یی مه‌جلیسی شوڕای ئیسلامیی، له‌ كاتژمێر ٨ی به‌یانیی ڕۆژی هه‌ینی به‌ كاتی تاران ده‌ستی پێكردووه‌.
وته‌بێژه‌ی شوڕای نیگه‌هبان ڕایگه‌یاند، "به‌هۆی گرینگبوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماریی" بژاردنی ده‌نگی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ر له‌ بژاردنی ده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی شوڕاكان و میان ده‌وره‌یی مه‌جلیس ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌گه‌ر هیچ كام له‌ پاڵێوراوه‌كان نه‌توانن ٥٠ له‌سه‌دی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بێنن، كێبه‌ركێكان ده‌كێشێته‌ ده‌وری دووهه‌م كه‌ یه‌ك حه‌فته‌ دواتر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. زیاد له‌ ٥٤ میلیۆن كه‌س ده‌توانن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕۆژی هه‌ینی ده‌نگ بده‌ن. كێبه‌ركێ سه‌ره‌كیی له‌ نێوان "حه‌سه‌ن ڕووحانیی" و "ئیبراهیم ڕه‌ئیسی" دایه‌. هه‌واڵنێرانی تیلوێزیۆنی كۆماری ئیسلامیی چه‌ندین وێنه‌یان له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامیی به‌رده‌وام به‌شداریی خه‌ڵك له‌ ده‌نگدانه‌كانیان به‌ نیشانه‌ی پشتیوانی به‌ربڵاو له‌ نیزام ناوده‌به‌ن و خه‌ڵك بۆ چوون بۆ به‌رده‌م سندووقه‌كانی ده‌نگدان ته‌شویق ده‌كه‌ن‌. كاتی ده‌نگدان هه‌تا كاتژمێر ٦ی دوانیوه‌ڕۆی هه‌ینی به‌رنامه‌ڕێژی كراوه‌، به‌ڵام كۆماری ئیسلامیی به‌رده‌وام سه‌عاتی ده‌نگدانه‌كانیان درێژ كردووه‌ته‌وه‌. ته‌بلیغاتی هه‌ڵبژاردن له‌ شه‌وی ٣١ی مانگی خاكه‌لێوه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و هه‌تا به‌یانیی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ درێژه‌ی بوو. له‌ كۆماری ئیسلامیی، هه‌ر جۆره‌ ته‌بلیغاتێك ده‌بێ ٢٤ كاتژمێر پێش له‌ ده‌ستپێكی ده‌نگدانه‌كان ڕابگیرێت. كۆماری ئیسلامیی ڕێگه‌ی به‌ ئاماده‌بوونی چاودێرانی بیانیی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاودێری كردن له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نادات.

دوایین هه‌واڵه‌كان