ارسال

به‌ڕێوه‌چوونی شانۆی هه‌ڵبژاردنی ڕژیم له‌ ئێران و سه‌رنج نه‌دانی خه‌ڵك


2017-05-19 | ۱۳۹۶-۰۲-۲۹

هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی دوازده‌هه‌مین ده‌وری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری و پێنجه‌مین ده‌وری بناو هه‌ڵبژاردنی شوراكانی شار و دێ، هه‌واڵه‌ گه‌یشتووه‌كان له‌ شاره‌ جواروجۆره‌كانی ئێران و كوردستان باسیان له‌ خه‌مساردی و سه‌رنج نه‌دانی به‌ربڵاو و به‌شداری زۆر كه‌می خه‌ڵك له‌ شانۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرد.
ڕاپۆرته‌ گه‌یشتووه‌كان نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵك له‌ شاره‌كانی تاران، كه‌ره‌ج، مازه‌نده‌ران، گیلان، سنه‌، كرماشان، پاوه‌، مه‌ریوان، بانه‌، شنۆ، مهاباد، نه‌غه‌ده‌، سه‌قز، بۆكان، كامیاران، دیوانده‌ره‌ و زۆرێك له‌ شار و ئاواییه‌كانی ئێران له‌م شانۆگه‌رییه‌ی هه‌ڵبژاردنی ڕژیم به‌شدارییان نه‌كردووه‌ و ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ی ڕژیم له‌گه‌ڵ بایكوتی به‌ربڵاوی خه‌ڵك به‌ره‌وڕوو بۆته‌وه‌. بایكوتی هه‌ڵبژاردن و سه‌رنج نه‌دان و خه‌مساردی خه‌ڵك له‌ شاره‌كانی كوردستان و به‌تایبه‌ت پاش بانگه‌وازی هاوبه‌ش و یه‌ك ده‌نگی حێزبه‌كانی له‌ كوردستان زۆر به‌ربڵاوتر و به‌رچاوتر له‌ ڕابردوو بووه‌. زۆرێك له‌ خه‌ڵك وێڕای بایكوتی به‌ناو هه‌ڵبژاردن، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ بۆ گه‌شت و گوزار چووبوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار. تا ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ زۆرێك له‌ شوێنه‌كانی ده‌نگدان زۆر چۆڵ بووه‌ و به‌شداربووانی نه‌ده‌گه‌یشته‌ ١٠ كه‌سیش. هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا كاندیده‌كانی ڕژیم به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ فێڵو فریودانی جۆراوجۆی وه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی به‌خۆڕایی و پاره‌ و مه‌وادیی غه‌زایی له‌ هه‌وڵدا بوون كه‌ ده‌نگی خه‌ڵك بكڕن، به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵك به‌م گاڵته‌جاڕییه‌ی ڕژیم به‌ بێ ته‌فاوه‌تیه‌وه‌ وڵامیان دایه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای به‌ڵێنه‌كانی كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم، گوشار، زۆر و هه‌ڕه‌شه‌كان كه‌ هه‌موو ساڵێك له‌ سه‌رووبه‌ندی هه‌ڵبژاردن له‌ لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم له‌ خه‌ڵك ده‌كرێت، به‌شێكی زۆر له‌ خه‌ڵكی خۆڕاگر له‌ شاره‌كانی ئێران به‌ تایبه‌ت كوردستان، ڕایانگه‌یاند كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌، شانۆگه‌رییه‌كه‌ و تێیدا به‌شداری ناكه‌ن و به‌م جۆره‌ جارێكی دیكه‌ ده‌نگی "نا"یان به‌ گۆماری ئیسلامیدا.

دوایین هه‌واڵه‌كان