ارسال

چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی كرماشان و پێڕانه‌گه‌یشتنی پێویست به بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوان


2017-11-13| ۱۳۹۶-۰۸-۲۲

بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ی كرماشاندا هه‌تا ئێستا ٤٤٥ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ٧ هه‌زار و ١٠٠ كه‌سیش بریندار بوون.
له‌ درێژه‌ی عه‌مه‌لیاتی یارمه‌تی گه‌یاندن و ڕزگار كردنی بریندارانی بوومه‌له‌رزه‌ی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌، سه‌عات به‌ سه‌عات ئاماری قوربانیانی ده‌چێته‌ سه‌رێ. هه‌ندێك سه‌رچاوی ناڕه‌سمی باس له‌ گیان له‌ده‌ستدانی ٦٠٠ كه‌س ده‌كه‌ن. له‌ ئێستادا ناوچه‌ بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوه‌كان له‌گه‌ڵ كه‌مبوونی ده‌رمان، سرۆم، ته‌خت و كه‌لوپه‌لی پێوست به‌ره‌وڕوون. له‌ ئێستا زۆربه‌ی ئاواییه‌كانی كرماشان، ئاو، به‌رق و گازیان نییه‌. بوومه‌له‌رزه‌ شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ چه‌ندین به‌شی ڕۆژئاوای ئێران و شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی عێراق و هه‌روه‌ها چه‌ند ناوچه‌یه‌ك وڵاتانی پاكستان، توركییه‌، ئه‌رمه‌نستان، كۆوه‌یت، عه‌ره‌بستانی سعودی و ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی هه‌ژاند. حسێن به‌ساتی، مودیر عاملی دانیشتوانی سه‌ر سنوری كرماشان سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی خه‌ڵكی ئاواییه‌ سنووریه‌كان ده‌ڵێت: هه‌تا ئێستا ٨٠ ئاوایی سنووری ئوستانی كرماشان له‌ شاره‌ستانه‌كانی سه‌لاسی باوه‌جانی، قه‌سری شیرین و سه‌رپۆل زه‌هاب به‌ تواوی وێران بوون. به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، شارستانی سه‌رپۆل زه‌هاب كه‌ زۆرترین قوربانی هه‌بووه‌، خه‌ساری زۆری به‌ركه‌وتووه‌ و هه‌واڵێنری ته‌سنیم باسی له‌ وێران بوونی نیوه‌یه‌ك له‌ بیناكانی ئه‌م شاره‌ كردووه‌. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ به‌ وته‌ی مودیر عاملی ته‌عاونی سنوور نشینانی كرماشان، یارمه‌تی گه‌یاندن بۆ بومه‌له‌رزه‌ لێدراوان زۆر دره‌نگ و به‌ خاوی پێده‌گات و برسێتی و سه‌رمای زۆر بارودۆخه‌كه‌ی زیاتر نیگه‌راناوی كردووه‌. خێوه‌تیش به‌ ڕێژه‌ی پێویست دابین نه‌كراوه‌ و زۆرێك له‌ بنه‌ماڵه‌كان بێ سه‌رپه‌نا ماونه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا، ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌ حكومه‌تییه‌كان ده‌ڵێن، له‌ ئه‌نجامی ئه‌م بوومه‌له‌رزه‌یه‌ ٧٠ هه‌زار كه‌س بێ ماڵ و حاڵ بوون. هاوكات ڕه‌خنه‌ له‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی هه‌واڵی بوومه‌له‌رزه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامیدا چووه‌ته‌ سه‌رێ. هه‌ندێك له‌ هاوڵاتییانیش خوازاری پێكهێنانی كومیته‌یه‌ك بۆ تاوتوێ كردنی مه‌سكه‌نی مێهر بوون. زۆرترین ژماره‌ی قوربانیان له‌ سه‌رپۆل زه‌هاب ڕاگه‌یه‌ندراوه‌. مه‌سكه‌نی مێهری سه‌رپۆل زه‌هاب به‌ ڕێژه‌ی ٩٠ له‌سه‌د وێران بووه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دانیشتوانی مه‌سكه‌نی مێهر له‌ ژێر داروپه‌ردودا ماونه‌ته‌وه‌.

دوایین هه‌واڵه‌كان