یادێك كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌ستیره‌ گه‌شه‌كانی ئاسمانی خه‌باتی چه‌وساوه‌ و سته‌ملێكراوان


2017-04-04 | ۱۳۹۶-۰۱-۱۵

رۆژی ٩ی خاکه‌لێوه‌، هاوکات بوو له‌گه‌ڵ ساڵیادی گیانبه‌ختکردوانێک که‌ له‌ یه‌که‌مین ڕۆژه‌کانی به‌هاری ئازادی ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاویدا له‌ ڕێگای گه‌یاندنی یارمه‌تی خه‌ڵکی شاری سنه‌ بۆ خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری تورکه‌مه‌ن سه‌حرا، گیانیان به‌ختکرد.

٣٨ ساڵ له‌وه‌وپێش له‌ ڕۆژی ٩ی خاکه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣٥٨دا، ٩ که‌س له‌ سیما خۆشه‌ویست و ناسراوه‌کانی شاری سنه‌، ٩ که‌س له‌ هه‌ڵسووڕاوان و خه‌باتکارانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی کوردستان، ٩ که‌س له‌ تێکۆشه‌رانی کۆمۆنیست و مرۆڤ دۆست، گیانیان له‌ پێناو ئامانج و ئاواته‌ ئینسانییه‌کانی خۆیاندا به‌ختکرد. ٩ی مانگی خاکه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣٥٨ بۆ خه‌ڵکی کوردستان، به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی خه‌باتکاری شاری سنه‌، وه‌بیر هێنه‌ره‌وه‌ی یه‌کێک له‌ ڕۆژه‌ پڕ له‌ غه‌م و په‌ژاره‌کان و له‌ هه‌مانحاڵدا، وه‌بیر هێنه‌ره‌وه‌ی هاوپشتی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی کوردستان له‌گه‌ڵ خه‌بات و تێکۆشانی گشت هاوچاره‌نووسانیان له‌ شوێنه‌کانی تر بوو.

سه‌ره‌تای به‌هاری ساڵی ١٣٥٨، ئه‌و کاته‌ی که‌ ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی ئێران دا‌م و ده‌زگای دیکتاتۆڕی و سته‌می ڕژیمی پاشایه‌تی تیکه‌وه‌پێچا و خستیه‌ زبڵدانی مێژوه‌وه‌، له‌ بارودۆخێکدا که‌ هێشتا دوو مانگ به‌سه‌ر به ‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ڕژیمی ئیسلامیدا تێنه‌په‌ڕیبوو و‌ له‌ هه‌لومه‌رجێکدا که‌ هێشتا شور و شه‌وقی شۆڕشگێڕانه‌ و جۆش و خورۆشی خه‌ڵکی شۆڕشگێڕ و ڕاپڕیوی ئێران بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌‌كانیان له‌ ئارادا بوو، خه‌ڵکی سته‌ملێكرای تورکه‌مه‌ن سه‌حرا به‌ پێکهێنانی شوڕاکانی خۆیان به‌رانبه‌ر به‌ حاکمیه‌تی ڕژیمی تازه‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئیسلامی، ده‌ستیاندایه‌ خه‌بات و خۆراگری.

به‌ڵام ڕژیمی ئیسلامی که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنیه‌وه‌، عه‌زمی خۆی بۆ سه‌رکوت كردنی شۆڕش و خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیو و ئازادیخواز جه‌زم کردبوو، سه‌رتا له‌ پیلانێکی خوێناوی و جه‌نایه‌تکارانه‌دا چوار که‌س له‌ ڕێبه‌رانی خه‌باتکاری خه‌ڵکی تورکه‌مه‌ن سه‌حرایان به‌ ناوه‌کانی: "شیر محه‌ممه‌د دره‌خشه‌نده‌ ناسراو به‌ توماج، عه‌بدولکه‌ریم مه‌ختوم، حسێن جورجانی و محه‌ممه‌د واحیدی" تێرۆر كرد و دواتر به‌ هێرش بۆ سه‌ر تورکه‌مه‌ن سه‌حرا له‌وپه‌ڕی دڕنده‌ییدا ده‌ستیاندایه‌ سه‌رکوتی خه‌ڵکی ئازادیخواز و ده‌ستکه‌وته‌کانیان. خه‌ڵکی خه‌باتکار و مافخوازی تورکه‌مه‌ن سه‌حراش ‌به‌رانبه‌ره‌ به‌م هێرشه‌ و له‌ پێناوی پارێزگاری کردن له‌ ئازادی و مافی سه‌ره‌تایی و به‌رحه‌قی خۆیان ده‌ستیاندایه‌ خه‌بات و خۆڕاگری.

کۆمه‌ڵه‌ که‌ خه‌باتی خه‌ڵکی بێبه‌ش و زۆرلێکراوی تورکه‌مه‌ن سه‌حرای به‌ عادڵانه‌ و به‌رحه‌ق ده‌زانی، یارمه‌تیدان و پشتیوانی كردن له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ی به‌ ئه‌رکی خۆی زانی و له‌ وڵامدانه‌وه‌ به‌ وه‌ها پێویستییه‌كدا به‌ خێرایی ده‌ستبه‌کار بوو و به‌ پێکهێنانی تیمێکی ٩ که‌سی‌ پزیشکی و دابینکردنی ده‌رمان و ئیمکاناتی پێویست له‌م بواره‌دا، کاروانی یارمه‌تی گه‌یاندنی خه‌ڵکی شاری سنه‌ بۆ خه‌ڵکی تورکه‌مه‌ن سه‌حرای ڕێکخست و ره‌وانه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی کرد.

ئه‌م تیمه‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌گه‌یشته‌ مه‌قسه‌د و له‌ به‌ینی ڕێدا به‌ هۆی رووداوێكی هاتووچۆوه‌ گشت ئه‌م هاوڕێیانه‌ گیانیان به‌ختکرد. په‌یکه‌ری ئه‌م ئازیزانه‌ له‌ نێو غه‌م و په‌ژاره‌ی بێ ئه‌وپه‌ڕی خه‌ڵکی شاری سنه و ده‌وروبه‌ریدا و به‌ به‌شداری ده‌یان هه‌زار که‌س له‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ئه‌سپه‌رده‌ كران. به‌ڵام هیچ کاتێک یاد و بیره‌وه‌ریه‌کانیان له‌ بیر نه‌چوونه‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێکهاته‌ی ئه‌م کاروانه‌ به‌ مه‌قسه‌د نه‌گه‌یشتوه‌دا ئاشنا بوون، ده‌یانزانی که‌ مه‌رگی ئه‌م ئازیزانه‌ له‌و ڕۆژ و مانگانه‌ی سه‌ره‌تای شکڵ گرتنی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی کوردستان و له‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌ستیاره‌دا، چ په‌ژاره‌یه‌کی قووڵی خسته‌ دڵ و ده‌روونی خه‌ڵکه‌وه‌ و چه‌نده‌ به‌ کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ سه‌یر کرا. زۆربه‌ی خه‌ڵکی شاری سنه‌ و ده‌وروبه‌ری ئه‌م ئازیزانه‌یان له‌ نزیکه‌وه‌ ده‌ناسی. هه‌ر کامه‌ و له‌ یه‌کێک له‌ مه‌یدانه خزمه‌تگوزارییه‌‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا خه‌ریکی کار و هه‌ڵسووڕان بوون، ئه‌وان کرێکار و موعه‌لیم و فه‌رهه‌نگی و پزشک بوون. خه‌ڵکی شار و دێهاته‌کان له‌ گه‌ڵ سیمای خۆشه‌ویستیان، له‌گه‌ڵ کاری شه‌و و رۆژییان و له‌گه‌ڵ دڵسۆزی بێ چاوه‌ڕوانیه‌کانیاندا ئاشنا بوون. ئه‌وان ئینسانگه‌لێکی ئاشنای ده‌رد و ئازاره‌کانی خه‌ڵک بوون و ژیانی خۆیان ته‌رخانی ڕزگاری ئینسان له‌ کۆت و به‌ندی هه‌ر چه‌شنه‌ سته‌م و چه‌و‌ساندنه‌وه‌یه‌ک کردبوو وه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ هانده‌ریان بوو كه‌ مه‌ئموریه‌تی به‌شداری له‌وه‌ها تیمێكدا وه‌ئه‌ستۆ بگرن.‌

ئه‌م ئینسانه‌ شۆڕشگێڕ و گیان له‌سه‌ر ده‌ستانه، گه‌لێک زیاتر له‌وه‌ی تا ئه‌وکات له ‌خۆیان نیشان دابوو، زه‌رفیه‌تی خه‌باتکارانه‌یان تێدابوو که‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵسووڕان و فیداکاریه‌کانیان ئه‌وه‌نده‌ درێژه‌ی نه‌کێشا تا بتوانن هه‌رچی زیاتر له‌ سه‌ر ڕه‌وتی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی ناڕازی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی شوێنه‌وار و کاریگه‌ری دابنێن. هه‌رچه‌ند ئه‌وان زۆر زوو گیانیان له‌ ده‌ستدا، به‌ڵام گیان به‌ختکردنه‌که‌یان ده‌رسێکی گه‌وره‌ی له‌ هاوپشتی و وه‌فاداری به‌ ئاواتی یه‌کسانیخوازانه‌ و ئینسان دۆستانه‌یان به‌جێهێشت و ناویان بۆ هه‌میشه‌ له‌ مێژووی خه‌باتی کومۆنیسته‌کان و خه‌ڵکی زۆرلێکراو و مافخوازدا ده‌مێنێته‌وه‌.

ئه‌م هاوڕێیانه‌ بریتیبوون له‌: فائیزه‌ی‌ قوتبی، گوڵڕێزی قوبادی، فه‌ریده‌ی زه‌که‌ریایی، جه‌میلی زه‌که‌ریایی، جه‌میلی سه‌جادی، ئیسماعیلی عه‌لی په‌نا، ڕه‌ئوفی که‌مانگه‌ر، ئه‌سعه‌دی وه‌زیری و دوكتور فه‌تحوللا لوتفوڵا نه‌ژادیان.

یاد و بیره‌وه‌ری ئه‌م ئازیزانه‌ به‌رده‌وام له‌ دڵی خه‌ڵکی خه‌باتکار و جه‌ماوه‌ری زۆرلێکراو و مافخواز له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران و له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی کوردستان و مێژووی خه‌باتی خه‌ڵکی تورکه‌مه‌ن سه‌حرادا زیندوه .

دوایین بابەتی گەیشتوو