ارسال

حه‌یف كه‌ فاتیمه‌ ژن بوو


2017-04-04 | ۱۳۹۶-۰۱-۱۵

رژیمی كۆماری ئێسلامی كاتێك ‌ تێگه‌یشت كه‌ ناتوانێت ئێنكاری ڕۆژی ژن وه‌كوو ڕۆژێكی جیهانی بكات، هه‌وڵی دا بۆ ئه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵی خۆی لانیكه‌م بۆ وڵاتانی شیعه‌نشین به‌دیلێكی بۆ بدۆزێته‌وه‌. ئه‌و به‌دیله‌ش بریتی بوو له‌ دیاریكردنی ڕۆژی له‌دایكبوونی فاتیمه‌ كچی په‌یغه‌مبه‌ری ئێسلامی و هاوسه‌ری عه‌لی ئیمامی شیعه‌كان. ئه‌م ڕۆژه‌ ئه‌م ساڵ بوو به‌ رێكه‌وتی 29ی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌. وه‌كوو ره‌سمێكی هه‌موو ساڵه‌ له‌م ڕۆژه‌دا خامنه‌یی جه‌ماعه‌تێك ژنی ڕه‌شپۆشی ناسراو به‌ "خواهرزینب" له‌ده‌وری خۆی كۆ كرده‌وه‌ و قسه‌ی بۆ كردن. لانیكه‌م له‌م ڕۆژه‌دا ئه‌بوایه‌ خامنه‌یی به‌شێوه‌یه‌كی فریوكارانه‌ش بوایه‌ وته‌یه‌كی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ژنان ته‌حوویلی به‌شدار بووان كه‌ هه‌موویان ژن بوون دابایه‌. به‌ڵام قوڵایی دژایه‌تی ئه‌م ئاخونده‌ له‌گه‌ڵ مافی یه‌كسانی ژن و پیاو تا ڕاده‌یه‌كه‌ كه‌ له‌م ڕۆژه‌شدا نه‌یتوانی دژایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ یه‌كسانی بشاریته‌وه‌.

خامنه‌یی ووتی: "ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ژێر ناوی عه‌داله‌ت و یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی باسی ده‌كه‌ن، مه‌فهوومێكه‌ كه‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا دایان هێناوه‌ و له‌ ڕاستیدا به‌واتای چكۆله‌ كردنه‌وه‌ و سووكایه‌تی كردن به‌ ژنه‌". بێگۆمان ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌پای مینبه‌ری خامنه‌یی دانیشتبوون، چاوه‌ڕوان بوون كه‌ خامنه‌یی كه‌ یه‌كسانی و عه‌داله‌ت بۆ ژنان به‌ مه‌فهومێكی هاورده‌ی ڕۆژئاوا ده‌زانێت، به‌ ئه‌وان بڵێت كه‌ له‌ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌ یه‌كسانی به‌ چ واتایه‌كه‌؟ به‌ڵام خامنه‌یی له‌جیاتی ئه‌وه‌یكه‌ وڵامی ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌ بداته‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌ شیكردنه‌وه‌ی مه‌فهوومێك له‌ئیسلامدا كه‌ نایه‌كسانی به‌ڕێته‌ ناو قوڵایی بیروبۆچوونی ژنانه‌وه‌. ئه‌و وتی كهگه‌وره‌ترین خزمه‌ت به‌ ئیسلام سه‌لماندنی به‌نده‌گیی واته‌ كۆیله‌تییه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ی په‌یغمبه‌ری ئیسلام. ووتی كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌و كۆیله‌تییه‌ی له‌ناخی دڵه‌وه‌ سه‌لماند ئه‌وه‌ به‌واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خزمه‌تی به‌ نیزام و به‌ خه‌ڵك كردووه‌. له‌وانه‌یه‌ كه‌سێك وا بیر بكاته‌وه‌ كه‌ خامنه‌یی به‌م ووتانه‌ نیشان ده‌دات كه‌ تێکچووه و خه‌ڵفاوه‌. به‌ڵام له‌ڕاستیدا وا نییه.‌ ئه‌و ئه‌م ووشانه‌ی زۆر به‌دانسته‌ هه‌ڵبژاردووه‌. به‌پێی ئه‌و ووتانه‌ ژن ده‌بێ كۆیله‌ی پێاو بێت، ژن و پیاویش ده‌بێ كۆیله‌ی وڵایه‌تی فه‌قیه‌ بن و هه‌مووان له‌خزمه‌تی حكومه‌تێكدا بن كه‌ داروده‌سته‌ی خامنه‌یی به‌ڕێوه‌ی ده‌بن. ئه‌وه‌ به‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌نده‌ب خوداشن و رێگای رزگاریان دۆزیوه‌ته‌وه‌. مه‌فهوومی "به‌نده‌بوون" واتا سه‌ندنه‌وه‌ی عه‌قل و ئێراده‌ له‌ئێنسان، واتا ته‌سلیم بوونێكی بێ شه‌رت و مه‌رج به‌ رانبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ر خوای ئاسمانه‌كانه‌وه‌ هه‌ت خوداكانی سه‌رزه‌وی.

باشه‌! با بزانین ئێستا كه‌ خامنه‌یی فاتیمه‌ی زهرا به‌ نموونه‌ی ژنی موسلمان ده‌زانیت و له‌ جیاتی 8 مارس ڕۆژی جێهانی ژن، ڕۆژی له‌دایكبوونی ئه‌وی وه‌كوو ڕۆژی ژن دیاریكردوو، چه‌نده‌ حورمه‌تی هه‌ر ئه‌و تاقه‌ ژنه‌ش كه‌ وه‌كوو نموونه‌ هه‌ڵیبژاردووه‌ ده‌گرێت. خامنه‌یی له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ووته‌یه‌کی له‌خومه‌ینی هێنایه‌وه‌ كه‌ گۆیا ڕۆژێك خومه‌ینی له‌یه‌كێك له وته‌کانی دا ووتویه‌تی: "فاتیمه‌ ژنێكی گه‌لیك پایه‌به‌رز بوو، به‌ڵام حه‌یف كه‌ ژن بوو، ئه‌گه‌ر پیاو بوایه‌ بێ گۆمان ده‌بوو به په‌یغمبه‌ر"! ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ڕێزێک كه‌ حكومه‌تی ئیسلامی بۆ پله‌وپایه‌ی ژن دایده‌نێت. ئه‌وه‌یكه‌ تا ڕاده‌یه‌ک سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خامنه‌یی ئه‌و قسانه‌ رێك له‌ڕۆژی به‌ناو ژن دا ته‌حویلی ژنان ده‌دات. ژنانێك كه‌ ئه‌م ڕۆژه‌ له‌پای منبه‌ره‌كه‌ی خامنه‌یی دانیشتبوون، ئه‌م ووشانه‌یان قووت ده‌دا و به‌تێكرای ده‌نگ سڵاواتیان له‌دیداری خامنه‌یی وته‌وه‌‌. ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و نه‌گبه‌تییه‌ی‌ رژیمی ئێسلامی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌یدا هێناوه‌. كۆمه‌ڵێك ژن دڵخۆازانه‌ له‌ڕۆژێكدا كه‌ به‌ناوی ئه‌وان دیاریكراوه‌، كۆیله‌تی و بێ مافی و سووكایه‌تی پێكردنی خۆیان به‌ ده‌ستی خۆیان ده‌سه‌لمێنن. به‌ڵام به‌خۆشییه‌وه‌ ئه‌و پامه‌نبه‌ریانه‌ی خامنه‌یی پێناسه‌ی ژنی ئه‌و وڵاته‌ ناكه‌ن. زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ژنانی ئێران زۆر ده‌مێكه‌، گه‌ڵێك پێش هاتنه‌ سه‌ر كاری حكومه‌تی ئێسلامیش، ئه‌م قۆناغه‌یان تێپه‌راندووه‌. له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی ئیسلامیشدا نفره‌ت و بێزارێكی په‌نگخواردوو له‌ناخی ژنانی ئه‌و وڵاته‌ جێگه‌ی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌ڕه‌نجام رژیمی ئیسلامی ده‌خاته زبڵدانی مێژووه‌وه.

دوایین بابەتی گەیشتوو