ارسال

نان بە كۆلی شێرەوە


2017-09-19 | ۱۳۹۶-۰۶-۲۸

كۆڵبەری كارێكی دژوار و گەلێك مەترسیی مەرگ هێنەری لە كەمینیدایە. هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی لەسەر سنوورەكانی كوردستان، كۆلبەران ئەزیەت و ئازار دەدەن، باجیان لێدەستێنن، دەست بەسەر كەلوپەلەكانیاندا دەگرن و هەرجار ناجارێكیش بە مەبەستی پێكهێنانی فەزای ترس و تۆقاندن و نائەمنی ئەیاندەنە بەر دەسترێژ و دەیان كوژن. ئەو كالایانەی كە تاڵان دەكرێن لە لایەن دەڵاڵ و كەسانی سەربەم بەكرێگیراوانەوە لە بازارە سنوورییەكاندا سەرلەنوێ دەفرۆشرێنەوە.

لە بارودۆخێكدا كە بێكاری لە ئوستانە كوردنشینەكانی ڕۆژئاوای ئێران لەسەروی ٥٠ لەسەدەوەیە و كرێكاران و زەحمەتكێشانی ناوچە سنوورییەكان كەمتر لە هەر شوێنێكی دیكەی ئێران شانسی دۆزینەوەی كاریان هەیە، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی ئەم ناوچانە لە ڕووی ناچارییەوە و لەبەر دابین كردنی لانیكەمێك لە پێداویستی ژیانی مەمرەو مەژیان، ڕوو دەكەنە ئەم جۆرە كارە و گیان لەسەر دەست دادەنێن و بە كوێرە ڕێگا و بە مەیدانەكانی مین و كەمینگا جۆراوجۆرەكاندا بەنێو پایەگا نیزامیەكاندا كە هەركامە و خۆی تێپەڕگەیەكی مەرگە بە دڵەڕاوكێیەك كە وەسف ناكرێ، تێدەپەڕن و بارێكی قوورس كە بە هەزاران ترس و هیواوە چەند كاتژمێرێك بە كۆڵیانەوە گرتووە دەگەیەننە شوێنی خۆی .

زەمانەتی بەردەوام بوونی ئەم كارە پڕ لە مەترسیەش، بەوەوە گرێدراوە كە توانیبێتیان هەر چۆنێك بۆە، كەلوپەلی خاوەن بار و تاجرەكان بە سڵامەتی بگەیەننە مەقسەد. تەنیا ئەو كاتەیە كە لەبری كارە پڕ لە مەترسی و مەرگبارەكەیان، كرێیەكی كەم وەردەگرن. زۆربەی كات ئەو كۆڵبەرانەی دەكەونە كەمینەوە ناچارن بۆ ڕزگار بوون لە چنگ باجگیرانی ڕژیم لە پایەگا و سەر ڕێگاكان، بەشێك لە داهاتە كەمەكەیان لە بەرانبەر ڕزگار بوونی خۆیان و بارەكەیاندا بدەن بە بەكرێگیراوانی حكومەتی.

ئەگەرچی بە كۆڵدادانی بارێكی قوورس بۆماوەی چەندین كاتژمێر زۆر دژوار و پشوبڕ و پڕ مەترسییە، بەڵام مەترسیدار تر لە گشتیی ڕیسكی تێپەڕبوون بە مەسیری پایەگاكان و ڕوو بەڕوو بوونەوەیە لەگەڵ هێزەكانی سەر سنوری ڕژیمە. ئەمانە كە سەرەكی ترین كاریان ئەزیەت و ئازاردانی خەڵك و بە تایبەت كۆڵبەرەكان و وەرگرتنی باج و تاڵان كردنی كەلوپەلی كاسبكارانی سەرسنوورە، زۆربەی كات بەبێ هیچ بیانوویەك و تەنیا بە ئامانجی مل كەچ كردنی زەحمەتكێشانی كۆڵبەر و بۆ بەرز كردنەوەی نرخی باجگیرییەكانیان، كۆڵبەران و كاسبكارانی سەرسنوور دەدەنە بەر دەسرێژ و دەیانكوژن.

ئەو جەنایەتكارانەی كە دەكرێنە پارێزەری سنوور و لە پایەگا و مەسیری هاتووچۆی كاروانچیاندا جێگیر دەكرێن، دەبێ بەشی كەسانی سەروی خۆشیان بدەن، لە ماوەیەكدا كە خەریكی ئەم كارەن، ساتێك لە جەریمە وەرگرتن و باج ئەستاندن لە كاسبكارانی هەژار و دەستكورتی سەرسنوور و تاڵان كردنیان غافڵ نین. كۆڵبەری بەگشت دژواری و مەترسییەكەوە كە هەیەتی، بۆ خەڵكێك كە هیچ سەرچاوەیەكی بەڕێچونیان نییە، وەك " پیشە" بە حیساب دێت و جەماوەرێكی بەرین لە خەڵكی ناوچەكە پێیەوە خەریكن. زۆری بێكاری و هەژاری، ئەوەی بەسەر خەڵكی ئەم ناوچەیەدا سەپاندەوە كە توێژێكی بەرین لەوان بە ژن و پیاو و پیر و لاوەوە تەنانەت تازەلاوان بەم كارە دژوارەوە خەریك بن. لەنێو خێڵی كۆڵبەراندا، ئەو ژنانە دەبیندرێن كە سەرپەرستی بنەماڵەیان لە ئەستۆیە و چارەیەكیان نەبووە بێجگە لەوەی ئەم كارە سەخت و دژوارە وەك پیشە هەڵبژێرن. لەنێو كۆڵبەرەكاندا تازەلاوی كەمتر لە ١٥ ساڵ و پیرە پیاوی سەرتر لە ٦٥ ساڵیش دەبیندرێن. ژمارەیەكی زۆر لە كاسبكارانی مەرزی و كۆڵبەرانی لاو، ئەو خوێندەوارانەن كە تا ئێستا نەیانتوانیوە كارێك بدۆزنەوە.

دوایین بابەتی گەیشتوو