ارسال

دنیابینیی چینایەتی لە چیرۆکی ” تەنها حەوت هەنگاو” ی
عەبدوڵا ئەحمەد سادقدا


نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)


2018-01-16| ۱۳۹۶-۱۰-۲۶

گەڕانێک بەنێو سەرزەمینی دەقدا

" تەنها حەوت هەنگاو" ئەو کورتەچیرۆکەیە کە لەزمانی کەسی یەکەمەوە (من) یان منی چیرۆکنووس بەسەرهات و ئازار و خەون و ئومێدی جیهانێک دەنەخشینێ کە ڕەنگە ڕۆژێ لە ڕۆژان بەسەرهات و خەون و ئومێدی هەر هەموومان بووبێت. خەون و ئومێدی گەیشتن بە جیهانێکی خۆش و پاک و پڕ لە ژیان. جیهانێکی خاڵی لە هەژاری و ستەم. ئەم خەونە هەرچەند ڕەوایە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرجوویەک نایەت بیکاتەوە و خەونەکە بگۆڕێ بە ڕاستی. گرێی ئەم خەونەش لە سیاقی مۆنۆلۆگی نووسەر لەگەڵ خۆی و بە پشت بەستن بە فەنتازیا دەمانباتە کەنارەکانی مەبەست. نووسەر بە پشت بەستن بە خەیاڵ و ڕەگەزەکانی تری تەکنیکی چیرۆک بەتایبەتیش شەپۆڵی هۆش ویستوویەتی دەرگایەک لەنێوان سنوورەکانی ئاگایی و نائاگاییدا بکاتەوە. واتە تەواوی ئەو واقیعەی کە لە سەر ئەرزی واقیعدا بوونی هەیە، خراوەتە نێو بۆدەقەی خەیاڵ و ئاگایانە خوێنەری بۆ کەمەندکێش کردووە. هەرچەندە لەسەر ڕووبەری هەندێ پەرەگراف و دێری چیرۆکەکە خوێنەر لەمسی پنتکی جوگرافیا و دیمەنە جۆراوجۆرەکانی نێو چیرۆکەکە دەکات، بەڵام گەر خوێنەر دەست بە لێوارەکانی ئاگاییەوە نەگرێ، زۆر بە ئاسانی دەخزێتە نێو خەیاڵی نووسەر. ئەم ستایڵە لە نووسین نەک هەر پەسندکراوە، بەڵکو جێگای ستایشە. بە وشەیەکی تر نووسەر هاتووە تەواوی هێزی هونەریی خۆی خستۆتە گەڕ لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراو، ئەویش نیشادندانی دنیابینی چینایەتی و ناردنی پەیامی سیاسی هونەرە بۆ ئەو لەشکرە لە خوێنەر، کە لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی هەلومەرجی سەرکوتی سیاسیی و نەبوونی ئازادی و بەکارکەوتنی ماشێنەکانی زیندان و گرتن و کوشتن و تەرحیل و تەبعیس و قەدەغەکردنی کلتوور و بۆنەکان و..تاد و زۆر بە تایبەتیش لە شاری کەرکووک کە شوێنی لەدایکبوون و نمایشی دەقەیەکە، تینووانە چاوەڕوانی پەیامی شۆڕشگێرانە بوون لە ئەدەب و هونەر. دەیەی هەشتاکان دەیەی نووسین و بڵاوکردنەوەی چەندین دەقی سیاسیی بووین لە مێژوودا کە جارێکی تر مەحاڵە دووبارە ببنەوە.

عەبدوڵا ئەحمەد سادق لەڕێگەی ئەم چیرۆکەوە لەیەککاتدا هەم نمایشی توانایی چیرۆکنووسی خۆیمان نیشان دەدات و هەمیش بۆچوون و تێڕوانینی چینایەتی خۆیمان پێ دەناسێنێ. تێڕوانینی نووسەر لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی و هەژاری و دەوڵەمەندی یان دروستتر بڵێین لەسەر بنەمای هەبوون ونەبوون بنیادنراوە. ئەم نمایشەی دنیابینی نووسەر دەتوانین لە چەند گۆشەیەکی جیاجیاوە لێی بڕوانین و ڕەهەندە سیاسی و چینایەتییەکەی دەست نیشان بکەین. سەرزەمینی ئەم دەقە و بەپیتییەکەی لە هەڵبژاردنی ناوەڕۆکەوە سەرچاوە دەگرن. نووسەر دەستی بۆ مەسەلەیەک بردووە کە بە یەکێک لە مەسەلە گرنگەکانی ژیان ئەژمارد دەکرێ. چیرۆکنووس هاتووە جیاوازی چینایەتی نێوان ئینسانەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە ئەو پەساپۆرتەیە کە چیرۆکی “ تەنها حەوت هەنگاو”ی لە ئاستی پەسندەوە بۆ ئاستی دڵخواز بەرز کردۆتەوە و کێرڤی کرێدتی شۆڕشگێڕێتی نووسەری بردۆتە سەر. بەڵام ئایا نووسەر هاتووە لە سەنگەری خەباتی کرێکارانەوە، یان باشتر بڵێین لەسەر بنەمای ململانێێ نێوان کار و سەرمایەوە ئەو جیاوازیانە بخاتە ژێر پرسیارەوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. بەڵگەشمان ئەوەیە کە لە سەرتاپای چیرۆکەکە شتێک نییە ناوی خەباتی چینایەتی بێت و ئاسۆیەک نییە کە ئاسۆی سۆشیالیزم بێت. ئەم لەمپەرە بۆ پەڕینەوە بەرەو شۆڕشگێڕێتی کە بە بۆچوونی من لە نائاگاییەوە سەرچاوەی گرتووە، خاڵی لاوازی ئەو دنیا بینییەیە کە هەوڵ ئەدەم لە هەنگاوی داهاتوودا خەسڵەتەکانی بخەمەڕوو.

خەسڵەتەکانی دنیابینیی نووسەر

عەبدوڵا ئەحمەد سادقی چیرۆکنووس لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابڕدوو وەک هەر گەنجێکی ئەو سەردەمە مەیلی فیکریی چەپ و لێکدانەوەی چینایەتی بۆ ژیان و کۆمەڵگە و دیاردەکانی هەبووە. ئەو لە ڕوانگەیەکی شۆڕشگێرانەوە هێلە دراماییەکانی نێو چیرۆکەکەی داڕشتووە و هەوڵیشی داوە کە هەر لەو سۆنگەیەوە پەیامی سیاسی – چینایەتی خۆی بگەێنێ. نووسەر جوان ئیشی لەسەر ماتریاڵەکانی دەوروبەر کردووە و هەر لە ڕێگەی ئەو ماتریاڵانەوە نووسەر لە پرسیارە گەورە و گرنگەکان نزیک دەبێتەوە. پرسیاری ئەوەی بۆ ئەمبەر ناڕێک و ناشرینە؟ بۆ ئەوبەر پاک و جوانە؟ ئەمبەر بۆ دۆزەخە و ئەوبەر بۆ بەهەشتە؟ کچانی ئەمبەر بۆ لەناو زەحمەتییەکانی ژیان تووشی فەلاکەتباری بوون و کچانی ئەوبەر ناسک و نازدارن؟ ئەم جیاوازییە بۆ هەیە؟ کێ خوڵقاندویەتی و کێ بەرپرسە لێی؟ بەڵام ئاشکرایە هونەر نایەت وەڵامی سیاسی ئەم پرسیارانە بداتەوە. هونەر تەنها ئاماژەکان نیشان دەدات و خوێنەر بەتایبەتی خوێنەری زیرەک دەبێ خۆی لە دووتوێی دێر و ڕستەکان و پەرەگرافەکان هەم پرسیارەکان و هەم وەڵامەکانیش بدۆزێتەوە.

کات سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە، چەند مانگێکە جەنگی کۆنەپەرستانەی نێوان عێراق و ئێران هەڵگیرساوە، خەڵک بە لێشاو بەرەو بەرەکانی جەنگ بەڕێ دەخرێن. جگە لە ژنان و مناڵان و قووتابیان و کارمەندی دەزگاکانی خزمەتگوزاری و پەروەردە، ئیتر تەواوی کۆمەڵگە سەربازە و خراوەتە ئامادەباشییەوە. شوێن لە ڕووبەری چیرۆکی تەنها حەوت هەنگاو گەڕەکی ڕەحیم ئاوای شاری کەرکووکە و بە تایبەتیش جادەی گشتی کەرکووک – هەولێر. ئەم جادەیە ئەم گەڕەکەی کردۆتە دوو بەشەوە. بەشی باکووری جادەکە لە ڕەحیم ئاوای کۆن و عەرەسەکە و تا دەگاتە گۆڕستانەکەی ڕەحیم ئاوا درێژ دەبێتەوە و بەشی باشووریشی لە خانووەکانی شەریکەی نەوت و مامۆستایان تا دەگات بە گردەکەی تەپە شۆر بۆتەوە. لەڕووی هونەری تەلارسازییەوە بەشی باشوور خانووەکان جوانتر و گەڕەکەکان پاکتر بوون، چونکە لانی کەم زۆربەی ئەوانەی لەو گەڕەکانە دەژیان خوێندەوار بوون و ئاگایی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییان لە ئاستێکی باشدا بوو بە بەراورد بە بەشی باکوور.” ژمارەی هەنگاوە گەورەکان تەنها چوار هەنگاو بوو چواری گەورە و حەوتی ئاسایی بەهەشت و دۆزەخ لێک دادەبڕێنێ. لەگەڵ ماڵ ئاوایی کردنی دوا هەنگاو تیشکی ڕوناکی لە دەرگای تاریکی دەدات و خۆی دەکوتێتە ژوورەوە جیهانی بەهەشت بەخێر هاتن لە تەماشاکەرانی پێشانگای شەقامە پاکەکانی دەکات، لە تابلۆکانی ئەوێ دا وێنەی ئۆتۆمبیلی نایاب و خانووی جوان و شەقامی پاک و کچی ناسک و نازدار بەرچاوی تەماشاکەرانی دەکەوێ کە حەزی هونەرمەندی تابلۆکان لەچەند ڕەنگێکی نامۆ جیهانێکی وای هێناوەتە کایەوە، تەنها حەوت هەنگاو پێشانگای ئەو تابلۆ ڕێک و پێکانە لە جیهانی ئازار و تێکۆشان و جۆگە چڵپاوی گەورەتر لە خڕی خاسە لە یەک جوێ دەکاتەوە.” لەم دیمەنەوە

یەک : نووسەر یان چیرۆکنووس لەم دەقە ئەدەبییەدا هەڵگڕی تێڕوانینێکی چەپ بووە و هەر لەو دیدگا و دنیابینییەوە تەماشای ژیان و دیاردەکان و کۆمەڵگە و ئینسانی کردووە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە چیرۆکنووس حەتمەن دەبێ کەسێکی مارکسیست یان سۆشیالیست خواز بووبێ، نەخێر. ڕەنگە هەڵگڕی تێڕوانینی ناسیونال – چەپ بووبێ. ئەمە کێشەی ئێمە و خوێنەریش نییە. ئێمە تەنها لە فەزا و ئەتمۆسفیری چیرۆکەکەوە هەڵوێست و تێڕوانینی نووسەر دیاری دەکەین.

دوو : خودی جیهانبینییەکە دنیابینییەکی شۆڕشگێرانە نییە و ڕوانگەی سۆشیالیستی یان مارکسیستی زاڵ نییە بەسەریدا، بەڵکو دنیابینییەکەی زیاتر پۆپۆلیستییە. چونکە نووسەر پێی وایە خەبات و تێکۆشان تەنها لەنێو کوخ و خانووە نزمەکاندا بوونیان هەیە. ” تەنها حەوت هەنگاو بکێشم و بگەڕێمەوە پێش سەدەیەک حەوت هەنگاو ئەمگەیەنێتە سادەیی سروشت و سادەیی مرۆڤ و ژیانی پڕ چەرمەسەری و تێ کۆشان، ئەو ژیانەی کە لە سەرەتاوە بۆم دانراوە و لێی ڕاهاتووم، ژیانی ڕەش و ڕووتایەتی. نووسەر پێی وایە خانووەکانی سەر شەقامە پاکەکان، کچانی ناسک و نازدار، خوێندەوار و ڕۆشنبیر و مامۆستا و تەنانەت کرێکارانی کۆمپانیای نەوتیش، شۆڕشگێڕێتی و کار و چالاکی شۆڕشگێڕانەیان لێ ناوەشێتەوە. لەکاتێکدا کرێکارانی کۆمپانیای نەوت بەپێی مەوقیعیەتی کارکردنیان کە شادەماری ئابووری وڵات بەڕێوە دەبەن، نەک هەر کاری شۆڕشگێڕانەیان لێ دەوەشێتەوە، بەڵکو گەر ئیرادە بکەن و بیانەوێ دەتوانن چەرخی نیزامی سەرمایەداری لە عێراق ڕابگرن. وەک لە ساڵی ١٩٤٦دا مێژووی خەباتی چینایەتی عێراقیان بە مانگرتنی گاورباغی نەخشاند. لە لایەکی تریشەوە ڕابەری خەباتی چینایەتی جیهانی و ڕەمزێتی خەباتی کۆمۆنیزم (کارڵ مارکس) خۆی کرێکار نەبووە و هەرگیز ڕۆژێک بە جلی کۆن و کرێکارییەوە نەچووە بۆ ئیشکردن و چەند پاوەندێ بۆ جینی هاوسەری و منداڵەکانی بەدەست بهێنێت. بەڵکو مارکس ڕۆشنفکرێکی سەردەمەکەی خۆی بووە بەڵام لە مەوقیعیەتی چینایەتی کڕیکاراندا بووە. بۆیە چیرۆکنووس نەیتوانیوە قامکی بخاتە سەر دەرد و مەینەتەکان و دەستنیشانکردنی ڕێگاچارەی گەنجاو و عەمەلی بۆ ئەو نەهامەتییانە. ئەویش نەک لەبەر ئەوەی چیرۆکنووس لەو سەردەمە قووتابی زانکۆ بووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو هۆشیارییە چینایەتییەی کە دەبوو لەبەردەستی بێ، لەبەر دەستی نەبوو.

سێ : چیرۆکنووس کێشەکان و واقیعەکان دەبێنێ بەڵام بە ناڕۆشنی لە هێزەکان و سەنگەرە چینایەتییەکان دەڕوانێ. ئەو هێزەکان و ململانێکانیان لەسەر بنچینەی دابەشبوونی جوگرافیا دابەش دەکات، نەک لەسەر بنچینەی پەیوەندی نێوان کار و سەرمایە. چیرۆکنووس لە ڕاستیدا نە هێزە واقیعییەکان و نە سەنگەرە چینایەتییەکانی نەبینیوە. هەر بۆیە بەشێک لە ‌هێزی واقیعی چینایەتی کرێکارانی عێراق و کوردستان بە بەرەکەی ئەوبەر دەزانێ. ئەم ناحاڵیبوونە بە دەستی ئەنقەست نەخراوەتە ڕوو، تا خۆڵ بکاتە چاوی خوێنەر و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، بەڵکو لە ڕێژەیی ئاستی تێگەیشتنی نووسەرەوە سەرچاوەی گرتووە.

چوار : نووسەر بچووکترین دژەکردار لەئاست ئەو واقیعە نانوێنێ و ئەمەش بەڵگەی ناشۆڕشگێربوونی تێڕوانینەکەیە. واتە نووسەر و حیکایەتخوان کە هەردووکیان یەکن جگە لە گێڕانەوە و نیشاندانی دۆخێکی تایبەت بێئەوەی بچووکترین هەنگاو بنێ بۆ دەستکاریکردنی، کۆتایی بە چیرۆکەکە دێنێ بەوەی کە دەگەڕێتەوە ئەمبەر و دەچێتەوە ناو هەلومەرجە دژوارەکەی ڕەش و ڕووتەکان. ئەمە جۆرێکە لە تەسلیمبوون بە واقیع. تەسلیمبوون بە بێئیرادەیی و تەبلیغات و پڕوپاگەندەی چینی بورژوازی لەوەی کە دەڵێ هەژاری و دەوڵەمەندی هەر لە ئەزەلەوە بوونیان هەبووە و هەیە. لێرەوە پەنا نەبردن بۆ کردار و یاخیبوون، هەوڵنەدان بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە، نووسەر دەخاتە خانەی پاسیفیستبوونەوە. لەکاتێکدا نووسەر بە جیددی هەوڵی داوە پاسیفیست نەبێ و لەئاستی ڕووداوەکاندا بێت.

لێرەوە دیسانەوە دەگەینە سەر ئەو شاڕێیەی کە بڵێین جیهانبینی چیرۆکنووس لە هەوڵدان بۆ نیشاندانی جیاوازی چینایەتی نێوان ئینسانەکان جێی پشتیوانییە و لە هەمان کاتیشدا لە هەڵبژاردنی ماتریاڵەکانی ئەو نیشاندانە نەیتوانیوە ئامانج بپێکێ و بگات بەو مەبەستەی کە خۆی دەیەوێ. ئەدەب و پەیامی سیاسیی

ئەدەب وەک چالاکییەکی فیکریی ئینسان هەمیشە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی جیاوازەوە دێتە نمایش کردن. لەوەتەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دابەش بووە بەسەر دوو چینی دژ بە یەک، شوناسی ئەدەبیش لەسەر بنەمای ململانێی نێوان ئەو دوو چینە دێتە پێناسەکردن. بە واتایەکی تر ئەدەبێک نییە غەیرە چینایەتی بێت. چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئێستا ئێمە بە ناچاری ژیانی تێدا بەسەر ئەبەین و لەسەر ناکۆکی چینایەتی و دەسەڵاتی چینایەتی بنیاتنراوە، توانای دەربڕینی هەستە پەتییە مرۆییەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی خۆمان بە کەسانی دیکەوە بەڕادەیەکی یەکجار کەمە. لەم سەردەمی سەرمایەدارییەی کە ئەمڕۆ مۆرکی خۆی بە هەموو شتێکەوە ناوە (بەسەردەمی نووسینی چیرۆکەکەشەوە)، ئەدەب و هونەر یان سەرمایەداریی(بۆرژوازی) یان کرێکارییە. بۆیە ئەو ئەدەبەی کە گوزارشت لە واقیعی خەبات و ململانێی چینایەتی کرێکاران دەکات لە دژی سەرمایەداران بە ئەدەبێکی شۆڕشگێڕانە دێتە ئەژمار. ماهیەتی ئەم ئەدەبە شۆڕشگێڕە هەڵگری جۆرێکە لە پەیام کە تێدەکۆشی هۆشیاری چینایەتی خوێنەر یان کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرێتە سەر. لە چیرۆکی " تەنها حەوت هەنگاو" چیرۆکنووس هەوڵیداوە پەیامی ئەدەب بە شێوەیەکی هونەرییانە بگەێنێ، بەڵام گرفتەکەی لەوەدایە نەیتوانیوە ئەو ئەنجامە بپێکێ. چونکە ” ئەدەبی کرێکاریی پارێزەری بەرژەوەندی کرێکارە هەوڵیش دەدات لەژێر سێبەری خەباتی کرێکاری لەسەر ئەو ئایکۆنانە کار بکات کە ڕۆڵیان هەیە لەبردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی.” چیرۆکنووس ویستوویەتی بەشدار بوونی کارای خۆی لە بزووتنەوەی ڕادیکاڵیزمی کۆمەڵگەی کوردستان لەڕێگەی نووسینەوە بباتە پێشەوە. ئەم دەقەش جوانترین گەواهییە لەسەر ئەو بەشدارییەی عەبدوڵا ئەحمەد سادقی چیرۆکنووس.

چیرۆکنووس تێکۆشاوە باسی نا دادپەروەری بکات، باسی جیاوازی نێوان ئینسانەکان بکات، باسی دوو دنیای تاریک و ڕووناک بکات کە هەردووکیان لەسەر یەک سەرزەمین بوونیان هەیە. بەڵام جێی داخە چیرۆکنووس بێئەوەی لە ماناکانی دادپەروەری و خەبات و تێکۆشان و شۆڕش لە تێڕوانینی چینایەتی کرێکارانەوە گەیشتبێ، ئەو کارەی کردووە. ئەمەش ئەو ئاریشەیە کە لە گەیاندنی پەیامی سیاسیی دەقەکە هەست پێدەکرێت.

ئەم چیرۆکە لەڕاستای هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەوە، دەتوانین بڵێین کە هەوڵێکە لەپێناو فەراهەمکردنی زەمینەی پرسیارکردن لەسەر ناعەدالەتییەکانی نێو کۆمەڵگە و ژیان. هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕووی دزێوی ژیانێک کە سەرمایەداری بۆی بەرهەم هێناوین. بەڵام نەیتوانیوە بەڕۆشنی و بە قووڵی ڕۆبچێتە نێو بابەتەکەی. بە واتایەکی تر نەیتوانیوە پەنجە بخاتە سەر ئەسڵی بابەتەکە.

دەربارەی فۆرم و زمان

لە “ تەنها حەوت هەنگاو”دا، حیکایەتخوان کەسی یەکەمی تاکە (من)، کە لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ خۆیدا (مۆنۆلۆگ) لە شوێنکاتی ڕووداوەکان بە هاوکاری ژمارەیەک کارەکتەر وەک ( حیکایەتخوان و فریاد، کاروان، ڕزگار، گزنگ ) کە بوونی ئەو کارەکتەرانە نەیتوانیوە ئیزافەیەکی گرنگ بخاتە سەر دەقەکە. فەنتازیاش هۆکارێکە کە حیکایەتخوان بە هۆیەوە دەچێتە دەرەوەی جوغزی خەیاڵی و دێتە ژوورەوە. واتە خەیاڵ ڕۆڵێکی گرنگ و بایەخدار دەگێڕێ لە چیرۆکەکە. چونکە چنینی ڕووداوەکان بەجۆڕیکە بواری کەمی بۆ خوێنەر هیشتۆتەوە بەشداری ڕووداوەکان بکات. هەرچی زمانیشە کە ئەو چیرۆکەی پێنووسراوە، زمانێکی ڕەوان و کوردییەکی پەتیی سادە و جوانە. لەڕووی ڕێنووسیشەوە، هەرچەندە گۆڤاری کاروان (خوولی یەکەم) تا ئاستێک پەیڕەویی لە ڕێنووسی کۆڕی زانیاری کورد دەکرد، بەڵام بە وردبوونەوە لە ڕێنووسی ئەم چیرۆکە دەبینی هەڵەی ڕێنووسی زۆر کەم تێدایە و بە بەراورد بەو سەردەمە( سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو) زۆر لە پێش بووە و تەنانەت دەتوانم بڵێم کە ڕێنووسی چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو” لە ڕێنووسی زۆربەی نووسەرانی ئەمڕۆ دروستتر و چنینی زمانەکەشی جوان و کوردییەکەشی ڕەوان ترە.

ئەنجام

چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو” هەوڵێکی جوان و سەرکەوتووی چیرۆکنووسی کۆچکردوو عەبدوڵا ئەحمەد سادقە، کە لەنێو واقیعی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی شارێکی پێشەسازی وەکو کەرکووک ویستوویەتی بە تێڕوانینێکی چینایەتییەوە، لە کێشەی گەورەی جیاوازی چینایەتی بدوێ و لەڕێگەی تەوزیفی شوێنەوە و بە هونەرێکی جوانەوە، لە پایەکانی هەڵکشان بەرەو داهێنان نزیک بۆتەوە. چیرۆکنووس ورد لەسەر پەیامی سیاسی – چینایەتی چیرۆکەکەی ئیشی کردووە گەرچی بەهۆی ناڕۆشنی و نەبوونی ئاگایی تەواو لەسەر بنەماکانی خەباتی چینایەتی نێوان کرێکاران و بۆرژوازی و تێنەگەیشتنی ورد لە نیزامی سەرمایەداری، نەیتوانیوە پەیامێکی ڕۆشن بگەێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هەوڵێکی سەرکەوتوو دادەنرێ لە پانتایی ئەو بزووتنەوە ئەدەبییەی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بە گەڕان بەنێو ئەو بزووتنەوەیە و مێژووەکەیدا ڕەنگە ئەو بەرهەمانەی لەئاست ئەم چیرۆکەن، لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ نەکەن.

---------------------------------------

سەدەیەکە شۆڕشێکم لە نێوخۆمدا هەڵگرتووە!

ن: عەبدوڵڵا سلێمان- مەشخەڵ

بەیادی سەد ساڵەی بەرپابوونی شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن  

سەدەیەکە ئەگێڕمەوە چیرۆکی کەوتن و هەستانم

سەدەیەکە لەنێو زەریای تەنیاییدا هاوپشتیم و

کانیاوم بۆ وزەی خەبات و کەستانم

سەدەیەکە هاواری بەرزم لەسەرزار

هێزی ئەژنۆم بۆ هەنگاوی چارەنووسسازی کرێکار

سەدەیەکە من میلۆدی گۆرانییەکم بەسەر لێوی زنارەوە

گڤەیەکم لەسەر سینەو بەربەرۆکی کەنارەوە

لە پێدەشت بێ یان لەسەر چیا

ئاڵایەکم لەسەر دووندی خەباتی سوور دەڕوانمە چوارگۆشەی تاریکی دنیا

ورد دەبمەوە لەو پەرجووەی کۆیلەتی کرد بە ئەفسانە

لەو تێکشانە جوانانەی سینەی سەردەم کە هەناسەی تیا تاسانە

سەربردەم باڵندەیەکە لە ئاسمانی ژیانی چەوساوە نەبێ لێک نادا باڵ

من ئەو دۆسییە دانەخراوەم

هیچ خەونێکم نانێمە چاڵ

سەدەیەکە برینێکم سەردەکێشم بە حەوشە و ناوماڵی یەک یەکی کارگەران

دەبمە باسی سەر سفرە و نان

ئەو مۆتیڤەم هەر دەچمەوە لای لینین و دەبمە کتێبێ لە خەندە

دەبمە ئاوێنەی هەتاو و ئەو ئاسۆیەی کە ڕزگاری پێوە بەندە

سەدەیەکە من بەپێوەم بازووم وەک جاران بەگوڕە

بۆ تینوێتی دەمی ژیان

ڕوحم لێزمە بارانێکە و زۆر بەخوڕە

سەدەیەکە مژدەی پێچراوم لە هیوا

تروسکەی ئەو چلچرایەم تاریکی تار دەکا لە لووتکە و لەشیوا

سەدەیەکە پەنجەرەی هیچ تاسەیەکم نەبینیوە

ئاونگی ڕزگاربوون نەنێتە سەر دیدە

سەدەیەکە شیعرێکی ئەزبەرکراوم

وشەکانم هەتوانن بۆ زامی ژیانی ئینسانی ستەمدیدە

کە گوڵێک لە ئینجانەی هەوێنی خەباتی چینایەتی کرێکاران دێتە وەرین

من تووڕەییم سەردەکا و دەبێتە لافاوی ڕق و

نەعرەتەم دەنگ دەداتەوە بە پانتایی دونیای بەرین

سەدەیەکە بوومە بە چاو

بوومە بە خەون

بە کتێب و

بەهەتاو و

تروسکەی هیوام بەخشییەوە تاوەکو ژیان جوانتر بێ

تا زاری ئازادی بێ ترس ڕەوانتر بێ

سەدەیەکە دەریایەک فرمێسکی چاوەڕوانی و بێکەسیی

حەمامێک لە خوێنی جەنگ و

شارێک لە گۆڕستان بوون بە ناسنامەی سەفەرم

ڕێگاکانیان لێ قفل دام تروسکەی چاوانیان بردم

خۆزگەکانی دڵیان دزیم

دایان بەدەم ڕەشەبای ڕەشی خۆیان و قەت نەمردم

سەدەیەکە پەرجووی بوونم بەهارێکی نوێیە بۆ ژین

هەرچی ڕۆژە دادەگیرسێم گڕم بەردەبم لە تاوان

هەتا ئینسان هەموو یەکسان وەک یەک بژین

سەدەیەکە جریوەی باڵندەی ئومێدێکم گەورە

سێبەری ژێر کەپری هاوینم بۆ بازووی کرێکارانی جەربەزە

سەدەیەکە سەدای سروود و

هاواری یاخیبوونم لەلا بەرزە

لەهەناوی ڕۆژەکان تەمی سەر شۆستە و

کاژێڕی کارخانەی لێوار شارانم

لێزمەی بەهێزی بارانم

سەدەیەکە من لە بۆتەی باوەڕێکدا دەتوێمەوە

کە بەر لەوەی بەرپا ببم

نەبوو هێندە دەنگوباسی

لە ژینێکدا چاوم پشکوت

کە ئاسمانی لێوانلێوە لە غەدر و زوڵم و کەساسی

ئەمێستاکەش پەپوولەی پێکەنینی خۆم لەسەر گوڵی لێوی مناڵی کرێکار

ناگۆڕمەوە بە لێشاوێک قاقا و کێوێک لە زەردەخەنەی ژێردەستی

ماچی نەشمیلێکی ئاڵای سوور بەدەستی سەر جادەکان

دەکەم بە تابلۆی پڕ عەشقی شاری جوانی و خۆشەویستی

سەدەیەکە پەڵەی هەورم دووند و سەر لووتکەی خەباتی چەوساوەکانم گرتووە

لە ئاسمانە بەرزەکانی تێکۆشانا بە سەدان خۆزگەی جوان جوانم

بۆ نێو باخچەی دڵی ئینسان داگرتووە

بە پردی مەحاڵا سەرکەوتم و نەکەوتم

بووم بە دار و بووم بە ئاو و بووم بە لافاو

بووم بە خەون و دڵنیایی

وەکو ڕووبار لرفەم دەهات ڕام دەماڵی ستەم و غەدر و تەنیایی

شەقامەکانم ماڵی کرد شەپۆڵی هەستانێکی مەزنم دایە شان

هەر بۆ وەی ئازاد و یەکسان بین تەمەن و ژیانم بەخشییە خەبات و تێکۆشان

دوایین بابەتی گەیشتوو