خەڵکی یەمەن لە گێژاوی کارەساتێکی ئینسانیدا


2017-10-12 | ۱۳۹۶-۰۷-۲۰

خەڵکی یەمەن هەروا لە بێدەنگی ڕاگەیەنەرەکانی سەربە زلهێزە سەرمایەداریەکان لە ئاگری شەڕێکی کۆنەپەرستانەدا دەسوتێن. شەڕێک کە زیاتر لە ٢ ساڵ و نیوە بەردەوامە و ئەم هەژار ترین وڵاتەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەرەوڕووی یەکێک لە گەورە ترین قەیرانە ئینسانیەکان لە دنیادا کردۆتەوە. لە ئاکامی ئەم شەڕەدا تا ئێستا زیاتر لە ٨ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و هەزاران کەسیش بریندار بوون. ئەم شەڕە وێرانی و کوشتارێکی لێکەوتۆتەوە کە سەرجەم خزمەتگوزاریە دەرمانی و بێهداشتیەکانی لە ناو بردووه‌ و خەڵکی توشی ئاوارەیی و برسیەتی کردووە. بە پێی ڕاپۆرتەکانی سازمانی ئاکسفام ٢٠ ئوستان لە ٢٢ ئوستانی یەمەن لە قۆناغی بارودۆخی ئۆرژانسی و قەیرانی، نەبوونی ئەمنیەتی خۆراکیدان و ١٩ ملیۆن کەس بەرابەر بە ٧٠ لەسەدی جەمعیەتی ئەم وڵاتە، نیازمەندی یارمەتی بە خێرایین. قەیرانی وەبا لە یەمەن کە لە چەند مانگ لەوە پێشەوە دەستی پێکردوە، خراپترین جۆری بڵاو بوونەوەی وەبایە لە دنیادا کە لە ساڵێکدا تۆمار کراوە. تا ئێستا نزیکەی ٧٧٠ هەزار کەس لە یەمەن توشی ئەم نەخۆشیە بوون و پێش بینی دەکرێت ژمارەی حاڵەتەکانی توش بوون بەم نەخۆشیە تا مانگی نوامبری ئەمساڵ بگاتە یەک ملیۆن کەس. ئەگەر خەڵکی کورەی باکور بە بیانوی ماجەراجوییە ئەتۆمیەکانی دەوڵەتی حاکم لەم وڵاتەدا دەکەونە ژێر گوشاری شەڕ و بێبەشییە ئابوریەکانەوە، بەڵام لە یەمەندا باسێک لە بەرزە فڕی ئەتۆمی نییە. خەڵکی یەمەن قوربانی شەڕ و ڕقابەتی حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و جیهانن بۆ پەرەدان بە ناوچەی ژێر نفوزیان.

قەیرانی جەنگی لە یەمەن دوای ئەوە دەستی پێکرد کە عەلی عبدۆڵڵا ساڵح دیکتاتۆڕی پێشوو کە لە ١٩٧٨وە تا ١٩٩٠ سەرۆک کۆماری یەمەنی باکوری بوو و دوای تێکەڵ بوونەوەی هەردوو بەشی باشور و باکور هەروا لە دەسڵاتدا مابۆوە، لە درێژەی ئاخیزە شۆڕشگێڕانەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست و باکوری ئەفریقا و دەرکەوتنی سەرەتاکانی لە یەمەن، ئەویش توشی چارەنووسی دیکتاتۆڕەکانی تونێس و میسر هات و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢دا، دوای ٣٤ ساڵ، ناچار بوو دەستبەرادری دەسەڵات بێت. دوای لاچونی ساڵح لەسەر دەسەڵات و بە دەسەڵات گەیشتنی مەنسور هادی، بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی بۆ دەست ڕاگەیشتن بە نان و ئازادی نە تەنیا کەم نەبۆوە، بەڵکوو لە شکڵ و شیوەی ناڕەزایەتیی خیابانیدا لەدژی دەوڵەت، گروپە شێوە نیزامیەکانی شیعەی حوسی و گروپەکانی سەر بە شەبەکەی تیرۆریستی قاعیدە چالاکیەکانیان پەرە پێدا. دەوڵەتی مەنسور هادی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ڕەوتی روو لە گەشەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بە حکومەتی نیزامی و بەر دەست ڕێژی گوللەدانی ڕیزی خەباتی ماف خوازانەیان فەزای سیاسی کۆمەڵگای بە توندی میلیتاریزە کرد. لەگەڵ پەڕاوێز خرانی خەباتی ڕەوا و مافخوازانەی خەڵک کە دەیتوانی لە درێژەی خۆیدا چارەنووسی سیاسی یەمەن یەکلایی بکاتەوە، ئەم وڵاتە بوو بە گۆڕەپانی روو بە ڕوو بوونەوەی هێزەکانی ئەڕتەش لەگەڵ تاقمی میلشیا شیعه‌كانی حوسی. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمان سەرەتاوە عەمەلیاتی تاقمی میلشیا شیعه‌كانی حوسی لەدژی حکومەت "بە بزوتنەوەی جەماوەری" ناساندوە و پشتیوانی لێدەکات.

حوسیەکان، بۆ زاڵ بوون بەسەر ناوچەکانی باشوری وڵاتدا لەگەڵ پشتیوانانی سوننی دیکتاتۆڕی پێشو، عەلی عبدۆڵڵا ساڵح، یەکیانگرت و بە پێشڕەوی بەرەو پایتەخت لە سپتامبری ٢٠١٤دا بەشێکی بەرین لە سەنعایان داگیر کرد. هادی چەند مانگ دواتر ناچار بوو سەنعا بەجێبێڵێ و لە مانگی فێوریەی ٢٠١٥دا لە شاری عەدەن جێگیر بوو. لەگەڵ درێژەی پێشڕەوی میلیشاكانی حوسیەکان بەرەو ناوچەکانی باشور، مەنسور هادی بەرەو عەرەبستان هەڵات و خوازیاری دەستێوەردانی نیزامی حکومەتی عەرەبستانی سعودی و باقی حکومەتە عەرەبیەکانی ناوچەکە لە یەمەن بوو. حکومەتی عەرەبستانی سعودی کە ڕەوتی بارودۆخی یەمەنی بە تەواوی بە زیانی بەرژەوەندیەکانی خۆی دەبینی لە کاردانەوە بەم ئاڵوگۆڕانە، لە ڕێبەریی ئیئتیلافێک لە دوڵەتانی عەرەبی ناوچەکە، بێجگە لە عومان، بە بیانوی وڵامدانەوە بە داخوازی دەوڵەتی قانونی یەمەن لە ٢٦ی مانگی مارسی ٢٠١٥دا هێرشە ئاسمانیەکانی بۆسەر پێگەی حوسی و هاوپەیمانەکانیان لە یەمەن دەست پێکرد.

بە دەست پێکردنی شەڕێکی بە تەواو مانا، ئیئتیلافی دەوڵەتانی عەرەبی ناوچەکە بە ڕێبەریی عەرەبستان لەدژی گروپە نیزامیە حوسیەکان، پشتیوانیەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە حوسیەکانیش ئاستێکی تازەی بەخۆیەوە گرت. هەواڵنێری رۆیتێرز لە یەکێک لە ڕاپۆرتە تایبەتەکانیدا لەم بارەیەوە، باس لە ناردنی چەکی پێشکەتوی وەک موشەکی دوور هاوێژ، موشەکی دژی تانک و هەروەها فرۆکەی بێ فرۆکەوان لە لایەن ڕژیمی ئیسلامیەوە و هەروەها ناردنی ڕاوێژکارانی نیزامی بۆ یەمەن دەکات. هەواڵنێری رۆیتێرز لەم ڕاپۆرتەیدا بە پشت بەستن بە "سەرچاوەی ئاگادار" وتبوی کە ئێران، شیعە مەزهەبە و عەرەب و ئەفغانستانیەکانیش بۆ ئاموزشدانی نیزامیانی حوسی ناردۆتە یەمەن. بەپێی ئەم راپۆرتانە ناردنی چەک بۆ حوسیەکان زیاتر لە ڕێگای وڵاتی عوممان کە سنورێکی خاکی بەرینی لەگەڵ یەمەن هەیە و لە دەگمەن وڵاتانی عەرەبیە کە لە ئیئتیلافی نیزامی ناوچەیی بە ڕێبەریی عەرەبستانی سعودیدا بەشدار نییە بەڕێوە چووە.

دەوڵەتانی ئەمریکا و بریتانیا و بە تایبەت ئەمریکا تا ئێستا نەتەنیا لە ڕیگای بەستنی پەیمانی نیزامی و فرۆشتنی چەک بە حکومەتی عەرەبستان لە ڕێبەریی ئیئتیلافێکی کۆنەپەرستانەدا یارمەتی درێژە کێشانی ئەم شەڕە ئەدەن، بەڵکوو لە ڕێگای یارمەتی دان بە عەمەلیاتی سوختگیری فرۆکە جەنگیەکانی ئەڕتەشی عەرەبستان، پشتیوانی کردنی لۆجستیکی و لە ئیختیار نانی زانیاری نیزامی دەورێکی ڕاستەخۆیان لە بەردەوامی ئەم شەڕە و قەیرانی ئینسانیدا هەیە. دەوڵەتی ئەمریکا ئەساسەن لەم ڕوانگەوە کە زاڵ بوونی گروپە نیزامیە حوسیەکان بەسەر وڵاتی یەمەندا، ئەمنیەتی بابۆلمه‌نده‌ب یەکێک لە ڕێگا ئاویە گرنگە نێو نەتەوەییەکان بۆ گواستنەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو رۆژئاوا دەخاتە مەترسیەوە و هەروەها بۆ کۆنترۆڵ کردنی دخاڵەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندەکانی قەیرانی ناوچەکە درێژە بە پشتیوانیە هەمە لایەنەکانی بۆ عەرەبستانی سعودی و ئیئتیلافی ژێر ڕێبەری ئەو ئەدات.

لەم بارودۆخەدا دوورە دیمەنێک بۆ کۆتای هاتن بەم قەیرانە ئینسانیە لە کورت ماوەدا بوونی نییە. لە بارودۆخێکدا خەڵکی یەمەن لە زەوی، ئاسمان و دەریاوە گەمارۆ دراون و ڕێگایەکیان بۆ هەڵاتن لە چنگ ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە نییە، لە بارودۆخێکدا کە هەرچەند چرکەیەک منداڵیکی یەمەنی بە هۆی نەخۆشی قابلی دەرمان کردنی وەبا و بە هۆی لەبەر دەستدا نەبوونی ئاوی خاوێن، دەمرن، بەشەریەت لەوە زیاتر ناتوانێ بینەر بێت. حکومەتە کۆنەپەرستە سەرمایەداریەکان لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا سەرچاوەی سەرەکی ئەم کارەساتە ئینسانیەن لە یەمەن. بەشەریەتی پێشکەوتووخواز لە ئاستی ناوچەکە و دنیادا تەنیا بە توشی کێشە و گرفت کردن و خستنە ژێر گوشاری عاملان و بەدیهێنەرانی ئەم جەنایەتە دەتوانێت هیوایەک بە ڕزگار بوون لە گێژاوی ئەم کارەساتە ئینسانیە لە دڵی خەڵکی یەمەندا بە زیندووی بێڵێتەوە.

دوایین وتاری رۆژ