دەستکەوتەکانی شۆڕشی کرێکاری روسیە
بەبۆنەی سەدەمین ساڵی شۆڕشەوە
بەشی سێهەم


2017-11-11| ۱۳۹۶-۰۸-۲۰

حکومەتی شوڕاکان، بەخێرایی دوای سەرکەوتن مالیکیەتی تایبەتی بەسەر زەویوزاردا هەڵوەشاندەوە و زەوی مالیکەکان، دەوڵەت و کلیسای کردە مڵکی گشتی و خستیە ئیختیار سەرجەم زەحمەتکێشانەوە. لە قۆناغی دواتردا بۆ بەرگرتن لە لەت بوونی زەویەکان و کەم بوونەوەی بەروبوومی بەرهەمهاتووی کشتوکاڵی، دەستیاندایە دامەزراندنی تەعاونیە کشتوکاڵیەکان، (کالخوز و سالخوزەکان). زیادبوونی بەرهەمی زەوی و کەوتنەکاری هێزی داهێنەرانەی زەحمەتکێشانی دێهات، هاوکات لەگەڵ گەشەی پیشەسازی و میکانیزە بوونی کەشاوەرزیدا، کۆتایی بە دەورانی سەختی قاتی و قڕی هێنا و گەمارۆی ئابووری دەوڵەتانی سەرمایەداری پوچەڵکردەوە.

حکومەتی شوڕاکان مالیکیەتی خوسوسی بەسەر ئامرازی بەرهەمهێنان و گۆڕینەوەیدا هەڵوەشاندەوە. مافی کاری زەمانەتکراو و ئیمکانی بەڕێچوونی بە هێزی کاری خۆ، بۆ هەموان دابین کرد و دیاردەی بێکاری لەنێو برد. ساعات کاری رۆژانەی کەم کردەوە و بۆ ٨ کاتژمێر. مافی مەرەخەسی ساڵانەی بە کەڵک وەرگرتن لە حقوق، هەموانی گرتەوە، مافی خوێندنی بە خۆڕایی لە ئاستی سەرەتایی، ناوەندی و باڵادا، دابینکرا. مافی کەڵک وەرگرتن لە شیرخۆرگە، باخچەی مناڵان و ناوەندەکانی پێش دەبستانی، مافی بێهداشتی بەخۆڕایی و کەڵک وەرگرتن لە ناوەندەکانی پشوودانی دەرمانی، مافی دابین بوونی بە تەواوەتی ژیانی بە ساڵاچوان و لەکار کەوتوەکان، مافی مەسکەنی بەخۆڕایی، گشت ئەم مافانە نە تەنیا بە پێی یاسا بەڵکوو لە کردەوەدا، لە ماوەی کەمتر لە دوو دەیەدا، لە ناخی هەوڵێکی گەورەی کۆمەڵایەتی، پڕ شور و پڕ لە سازەندەگی و داهاێناندا، بوونە بابەتێکی ئاسایی. زانست و فەن بە شێوەیەکی بێ وێنە پەرەیان سەند. داهێنان و کەشفی گەورەی زانستی بە دەستکەوتەکانی بەشەریەتەوە زیاد بوون، برسیەتی، لەش فرۆشی و ئیعتیاد لە کۆمەڵگەدا سڕایەوە. یەکێتی سۆڤیەت بەرە بەرە لە وڵاتێکەوە کە زیاتر لە هەشتا لەسەدی جەمعیەتەکەی جوتیار و نەخوێندەوار بوو، بوو بە وڵاتێک کە نەخویندەواری تیدا ڕیسەکێش کرا.

حاکمیەتی شوڕایی کرێکاران بەخێرایی مافی یەکسانی ژنان و پیاوانی بەتەواوەتی لە گشت بوارە ئابووری، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکاندا کردە یاسایی و خستیە بواری جێبەجێکردنەوە. مەزهەبی بەتەواوی لە دەوڵەت جیا کردەوە و دەستی کلیسای لە کاروباری دەوڵەتی و لەوانە لە ئاموزش و پەرەوەرش کورت کردەوە. حکومەتی کرێکاری لە ڕێگای شوڕاکان و هەروەها کۆمەڵێکی بەرین لە دامەزراوە دیموکراتیک و خەڵکیەکانەوە بەرین ترین بەشداری جەماوەری خەڵکی لە کاروباری خۆیاندا، کە تا ئەو کات لە دنیادا بی وێنە بوو، دابینکرد.

ئەم شۆڕشە لە لایەکەوە قین و نەفرەتی سەرجەم سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان و توندترین کاردانەوەی قین لەدڵانەی ئەوانی هەڵخراند و لە لایەکی دیکەوە شەپۆلێکی بەهێزی ئازادیخوازی و دادپەروەری تەڵەبی لە سەرتاسەری گۆی زەویدا خستە جووڵە. کاریگەری شۆڕشی کرێکاریی ١٩١٧ی روسیە لە دنیادا بە ڕادەیەک بوو کە بۆرژوازی رۆژئاوا لەترسی دووپاتبوونەوەی ئەم شۆڕشە، دەستی دایە کۆمەڵێک ڕیفۆڕمی وەک ئاسایی کردنی مافی دەنگدان بۆ هەموان لەوانە بۆ ژنان، ڕاگەیاندنی بە خۆڕایی بوونی ئاموزش و پەروەرش بۆ سەرجەم منداڵان، پەسند کردنی مافی بیمە و خانەنشین بوون بۆ بەساڵاچوان و کەم کردنەوەی ساعات کاری رۆژانە بۆ ٨ کاتژمێر.

ئەم شۆڕشە مافی دیاری کردنی جارەنووسی نەتەوەکانی لە روسیە دەستەبەر کرد. قەراردادی کۆیلە ئاسای ئیستعماریی حکومەتی تزاری لەگەڵ نەتەوە ژێردەستەکان هەڵوەشاندەوە. لنین شەخسەن لە ڕاگەیاندراوێکدا کە رۆژی ١٤ ی دسامبری ١٩١٧ بە ناوی ئەوەوە دەرچوو، عەهدنامەی ئوتی ساڵی ١٩٠٧ ی ئینگلستان و روسیەی سەبارەت بە دابەش کردنی ئێران بۆ ناوچەی ژێر نفوز و ناوچەیەکی بێلایەن لە نێوانیاندا و زەمیمەکراوە شاراوەکانی بە بێ ئیعتیبار ڕاگەیاند و جەختیکردەوە کە ئەم قەراردادانە دڕێندراون و ئیتر بوونیان نییە کە بکرێ وەک بەڵگە کەڵکیان لێوەربگیرێت. حکومەتی کرێکاری لە روسیە بوو بە پشتیوانی بزوتنەوە دژی ئیتعماریەکان لە دنیادا و بە هەموو جۆرێک یارمەتی ئەو بزوتنەوانەی ئەکرد.

شۆڕشی کرێکاری روسیە کاریگەری قوڵی لەسەر خەباتی ڕزگاری بەخشی خەڵکی ستەمدیتودا هەبوو و خۆی بەڵگەیەکی زیندوو بوو لەسەر ئەوەی کە چینی کرێکار هیچ چەشنە بەرژەوەندیەکی لە مانەوەی هیچ شێوەیەک لە شێوەکانی ستەم و نایەکسانیدا نییە و شێلگیرترین پێشڕەوی ڕێگای ڕزگاربوونە لە سەرجەم ستەم و نایەکسانیەکان. لە ساڵی ١٩٢٢ دا یەکێتی سۆڤیەت لە بەیەکەوە پەیوەست بوونی دڵخوازانەی نەتەوە غەیرە روسیەکان پێکهات، بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٠ دا کۆماری فیدڕاڵی یەکێتی سۆڤیەت لە ١٥ جمهوری پێکهاتبوو.

لە ئاکامی وەها دەستکەوتێکدایە سەرجەم مێژوو نووسانی خاوەن وێژدان کە قەڵەمەکانیان بە نیزامی سەرمایەداری نەفرۆشتووە ددان بەوراستیەدا دەنێن کە شۆڕشی کرێکاری لە روسیە گەورە ترین خاڵی ئەرێنی درەوشاوەی سەرجەم مێژووی بەشەریەتە. هیچ گۆشەیەک لە دنیادا بوونی نییە کە بە جۆرێک نەکوتبێتە ژێر کاریگەری ئەم رووداوە گەورە کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە. "ئای ئێچ کار" مێژوو نووسی دیاری بریتانی کە کومونیستیش نەبوو لەم بارەیەوە دەڵێ:

" لەم رۆژگارەدا، ئیسنان بۆ بەروودا دانی ئاسەوارە نەرێنیەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر پێویستی بە شەرح و لێکدانەوەی زۆر نییە. ئەوەی کە ئێمە خەریکین سەرپۆش بەسەر ئەو گومان و نا ڕونیانەدا ئەدەین کە لە پەروەندەی شۆڕشدا هەن، بەسەر نرخێکدا کە ئینسان بۆ دەستەبەر بوونی داویەتی و بەسەر ئەو جەنایەتانەی کە لەژێر ناوی ئەودا بەڕێوەچوون، مەترسیەکی ئەوتۆی نییە. مەترسی جیدی ئەوەیە کە لە ڕاستای لەبیر بردنەوەی گشت ئەو کاروبار و بێدەنگ بوونەی لەبەرانبەر دەستەکەوتە گەورە و سەرسوڕ هێنەرەکانی ئەم شۆڕشە، غافڵ بین و بە هەڵەدا بچین."

بەڵام لەگەڵ گشت ئەمانەدا هێشتا ئەو پرسیارە واقعیەش دەبێ وڵام وەربگرێتەوە، کە ئەم شۆرشە لەگەڵ گشت ڕەوا بوون و مافخوازنە بوونی دا، لەگەڵ هەموو پێویست بوونی، لەگەڵ گشت دەستکەوتە گەورە و مێژوو سازەکانیدا، بۆچی بەرەو لەنێوچوون ملی نا و بۆچی شکستی خوارد؟ سەرکەوتنی لە سەرەتادا و شکستی کۆتایی چ دەرس و ئەزمونێکی بۆ چینی کرێکار و شۆڕشی داهاتو تێدایە؟.

دوایین وتاری رۆژ