بەیانییەی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێستا و مەوقعیەتی ئاخێزی جەماوەری بەشی یەکەم


2018-01-08 | ۱۳۹۶-۱۰-۱۸

ناڕەزایەتیی ستەم دیتوانی شاری مەشهەد کە ڕیشەی لە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، قوڵ بوونەوەی کەلێنە چینایەتییەکان و بێ مافی بێ ئەوپەڕی سیاسی و توڕەیی و بێزاری لە گه‌نده‌ڵی و دزیە بێسنووره‌كانی کاربەدەستانی حکومەتیدا هەبوو وەک، چه‌خماخه‌یه‌ك ئاگری ئاخێزی سەرتاسەری لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بلێسەدار کرد. هەر ئەڵێی ڕەنج و ئازاری هاوبەش و نەفرەت و بێزاری گشتی لە نیزامی سیاسی و چینایەتی ده‌سه‌ڵات و بێ باوەڕی بە ئیسلاح و چاكسازیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە شەوێکدا بەشێکی بەرین لە خەڵکی ئازار چێشتووی ئێرانی لەیەک نزیک کردەوە. جەماوەری خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان، لاوان بە شور و شەوقێکی بێ وێنەوە سنگیان کردە قەڵغان و بە بانگی بەرز درووشمەکانی " مەرگ بۆ ڕووحانی"، " مەرگ بۆ دیکتاتۆڕ"، " ئیسلاح خواز، ئۆسوول گەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا" و هیتریان دەوتەوە و نیشانیان دا کە هیچ هیوایەک بە باشتر بوونی بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووری ئێستا و بارودۆخی گوشاری سیاسی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامیی نه‌ماوه‌.

ئێمە ئاخیزی سەرتاسەری جەماوەر بە هیچ شێوەیەک بە دیاردەیەکی کتوپڕ و لە خۆڕا وەک بروسکەیەک لە ئاسمانی بێ هەوردا نابینین. دواهاتە وێرانگەرەکانی سیاسەتی نیئۆلیبڕاڵیزمی ئابووریی و ڕانت خۆری و بارودۆخی دژواری ژیانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا لە ماوەیەک لەوە پێشەوە بوارەکانی ئاخێزی جەماوەری فەراهەم کردبوو، وە ڕەوتی ڕوو لە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و گواستنەوە و گەیاندن، خەباتی شێلگیری ژنان، ناڕەزایەتی ماڵ به‌تاڵانچووان، سه‌رهه‌ڵدانی سەرلەنوێی بزوتنەوەی خوێندکاری و وەجوڵە کەوتنی زه‌رفییه‌ته‌كانی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان ئیمکانی سەرهەڵدانی سەرتاسەری ئەم ئاخێزە سەرتاسەرییەی کردبووە بابەتێکی حەتمی. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران ساڵانێکە لە ژیان لە ناخی هەژاریدا به‌سه‌رده‌به‌ن، لە بێکاری ملیۆنی و نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، لە دواخستن و نەدرانی حەقدەستەکانی چەند قات لەژێر هێڵی هەژاریدا، لە گرانی سەرسوڕ هێنەری پێداویسته‌كانی ڕۆژانە له‌په‌ره‌سه‌ندنی منداڵانی کار، په‌ره‌سه‌ندنی ئیعتیاد و پەرەگرتنی باقی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان وەگیان هاتوون. لە بەرانبەر ئەم بارودۆخە کارەساتبارەدا، نە تەنیا وەعدەکانی هەڵبژاردنی دەوڵەتی ڕووحانی لە بواری باشتر بوونی ژیان و بەڕێچوونی خەڵکدا درۆ دەرچوون، بەڵکوو پێداگری لەسەر درێژەدان بە بەرنامە نیئۆلیبڕالیستییەکان بارودۆخەکەی گەلێک خراپتر کردووە. درێژەی ئەم سیاسەتانە و بارودۆخە لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە داسەپاندنی هەزینەی قورسی دەخاڵەتی نیزامی و پشتیوانی کردن لە ڕەوتە تیرۆریستییەکان لە ناوه‌نده‌كانی قەیرانی ناوچەکە له‌سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵكی ئێران، ئاشکرا بوونی پەروەندەی گه‌نده‌ڵی و دزیە هەزار میلیارد تمەنییەکان و لەقاودانی ئەو جەنایەتە سامناکانەی کە سەرانی ئەم ڕژیمە بەرانبەر بە خەڵکی ئێران ئەنجامیانداوە، چەقۆی گەیاندۆتە سەر ئێسقانی کرێکاران و توێژی ژێر ستەم. ئاخێزی سەرتاسەری و پڕشكۆی خەڵکی ئێران، ڕیشەی لەم واقعیەتانەی ژیان دایە. لەژێر ئەم بارودۆخەدا شنەبای شۆڕش هەڵی کردووە و کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا لە جەریانی ئەم ناڕەزایەتیانەدا بە ڕوونی نیشانیان داوە کە نایانەوێ وەک ڕابردوو بژین.

خەڵکێک کە له‌م ڕۆژانه‌دا لەدژی هەژاری، گرانی، بێکاری و ده‌سه‌ڵاتی مەزهەبی و سوکایەتی هەموو ڕۆژە لە ئاستی سەرتاسه‌ریدا هاتونەتە سەر شەقامەکان، هاوکات بە هاواری " نان، کار، ئازادی" دروشمی " مه‌رگ بۆ دیکتاتۆڕ"، "خامەنەیی حەیاکە حکومەت ڕەها کە" ئەڵێنەوە لە ئەزمونی ژیان و خەباتدا بۆیان دەرکەوتووە کە هەر موسیبەتێک وا بەرۆکی کۆمەڵگای گرتووە ڕیشەی لە ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی دایە. لەم ڕووەوە جەماوەری خەڵک لە هەمان ساتەکانی هەڵچوونی ئاخێزەکەوە سنوری ڕێفۆرخوازانیان تێپەڕاند و بە درووست ڕووخانی گشت باڵه‌كانی کۆماری ئیسلامیان کردۆتە نیشانەی خەباتی خۆیان. ئەم ناڕەزایەتیانە، له‌ڕاستیدا ناوه‌ڕۆكی دژی سەرمایەدارانەی هەیە، لەبەر ئەوەی کە خەڵکی ڕاپەڕیو بە درووشم، ئاڕاستە و بە ئامانج گرتنەکان، خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و دابین بوونی ڕیفاهی کۆڵایەتین.

ئەگەرچی جەماوەری ڕاپەڕیو لە ئێران ڕووخاندنی سەرجەم ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خستۆتە دەستوری خەباتی خۆیەوە، بەڵام ئەوە هێشتا بە واتای ئەوە نییە کە ئەوان وێنایەکی رۆشنیان لە مەلزومات و كه‌ره‌سته‌ی پێویست و ڕێگای وشوێنی ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی هەیە. ئەم ئاخێزە سەرتاسەریەی کە لە هەنگاوەکانی سەرەتای دایە، ئەمنییەتی و سه‌قام گیربوونی چینی ساحێب ده‌سه‌ڵاتی تێکداوە، پەروەندەی دەسەڵاتی سیاسی له‌داهاتووی ئێران دا بە ڕووی کۆمەڵگادا کردۆتەوە، شور و شەوقێکی شۆڕشگێرانەی گەورەی هەڵخراندوە، بەڵام هێشتا هەموو توانایی و زەرفییەت و وزەی خۆی نەهێناوەتە مەیدان. گومانی تێدا نییە کە سەرکەوتنی ئەم بزوتنەوە و شۆڕشێک کە شنەباکەی هەڵی کردووە لە گرەوی دەرکەوتنی ئاسۆ و ئێستراتێژی سۆسیالیستی دایە. بەڵام بۆ بەرەو پێش بردنی ئێستراتێژی سۆسیالیستی، ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەداری لە ئێراندا دەبێ بە هێزێکی گەوەرە و بەهێزتر لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بچێتە گۆڕەپانی خه‌بات بۆ كۆتایی هێنان به‌م ده‌سه‌ڵاته‌. دەبێ هەموو هێزی كۆمه‌ڵی ئازار چێشتوو بخرێته‌كار و پته‌و كرێ. ئەوەی کە لە به‌ربه‌ره‌كانێكانی ئەو چەند ڕۆژەدا شاهیدی کۆمەڵێک سەحنەی پڕشكۆی بوین، لە درێژەدا و لە کامڵ بوونی خۆیدا بەرەو ئاستێکی شۆڕشگێڕانە، هه‌نگاو ده‌نێ و دەتوانێ ڕژیمی ئیسلامی بە چۆکدا بێنێ. کەوایە بۆ زەمانەت کردنی درێژەی ئەم حەرەکەتە دەبێ هەموو تواناییەکانمان بخەینە کار. زەمانەت کردنی درێژەی ئەم ئاخیزە سەرتاسەرییە لە هەمان حاڵدا کە بوونی دیمەنگا و ئاسۆیەکی ڕوونی شۆڕشگێڕانەی کردووه‌تە بابەتێکی پێویست، هێنانە گۆڕی ئەو داخوازی و درووشمانەی کە بە خێرایی جەماوەری ده‌بێته‌وه‌، گرتنەبەری شێواز و تاکتیکی بەجێ و بیرلێکراوە کە خەڵک لە ئاستی ملیۆنیدا بۆلای ئەو ئاخیزە ڕابکشێت، خۆ بەدوور گرتن لە کرداری نابەوەخت و ڕێكخستن و شكڵ گرتنی ڕێبەرییەکی رۆشن بین لە ناخی ئەم خەباتەدا بوونه‌ته‌ زه‌ره‌ و زیانێكی جیدی. بەرەو پێش چوونی سەرکەوتوانەی ئەم ئاخێزە لە گرەوی ڕێكخستنی ڕێبەرییەکی ئاگا و وشیار و جێی متمانە دایە کە لە ناخی ئەم خەباتەدا تاقی كرابێته‌وه‌ و خۆی به‌ ئەزمون بکات. درێژەی ئەم ئاخیزە سەرتاسەرییە لەم ڕووەوە گرنگییەکی تایبه‌تی هەیە کە ئیمکان بە بزوتنەوەی کرێکاری دەدات، شوڕا و باقی ڕێكخراوه‌ چینایەتی و جەماوەرییەکانی پێکبێنێ، بە جەماوەر ئیمکان دەدات ڕێگاو شوێنی خۆ ڕێکخستن و دامه‌زراندنی ناوەندەکانی ده‌سه‌ڵاتی جەماوەری تاقی بكاته‌وه‌، بە باقی بزوتنەوە پێشڕەو و کۆمەلایەتییەکانی وەک بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی خوێندکاری دەرفەتی ئەوە دەدات کە زەرفییەتەکانیان بخەنە کار و بە حیزب، ڕێكخراو و هێزە پێشڕەو و شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵگە مەجال دەدات کە تێکۆشەرانە بەسەر لاوازیەکانی نێو خۆیاندا زاڵ بن. رۆشن بوونەوەی درووشمەکان و گرتنە پێشی شێوازی درووست، ڕێگا لەو هەل پەرستانەی کە لە شور و شەوق و داوای ڕەوای خەڵک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی دژی شۆڕشی خۆیان بەهرە وەردەگرن، دەگرێت. بەم هەنگاوە بەجێیانە و بە کۆکردنەوەی هەموو توانا و زەرفییەت و ئەو ئیستعدادنەی كه‌ بوونیان هه‌یه‌ ئەم ئاخیزیە سەرتاسەریە دەتوانێ هەنگاو بە هەنگاو بگاتە قۆناغی له‌سه‌ر پێی خۆ ڕاوه‌ستان و دەورەیەک کە تێیدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەژێر گوشاری مانگرتنە سەرتاسەرییە کرێکارییەکان و مانگرتنی ملیۆنی جەماوریدا بە چۆکدا بێت.

دوژمن کە له‌ خێرایی سەرسوڕ هێنەری سەرتاسەری بوونەوەی ناڕەزایەتییەکان غافڵگیر ببوو، وەخۆ هاتۆتەوە و هەموو تواناییەکانی سەرکوتگەرانەی بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئاخیزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک خستۆتە کار. خامنەیی ئیدیعای ناسراو و سواوی دیکتاتۆڕەکان تیكرار دەکاتەوە و ئاخێزە جەماوەرییەکان بە بەرهەمی " پوڵ، چەک، سیاسەت و دەزگای ئەمنییەتی دوژمنانی" دەرەکی دەزانێ. ڕووحانی ئیعتیدال گەرا و خاتەمی ڕێفۆرخواز خوازیاری بەرەنگار بوونەوەی یاسایی لەگەڵ " کاسانێك بوون کە ئاژاوە دەنێنەوە و دەبنە هۆی کێشە بۆ ئەمنییەتی" وڵات. فەرماندەی سپای پاسداران بۆ شاردنەوەی ترس و نیگەرانییەکانی ڕایگەیاند کە ئاژاوەگێران هێشتا لە ئاستێکدا نین کە پێویست بە دخاڵەتی سپا بێت، بەڵام هاوکات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادەخات و هێزەکانی سارۆڵڵا و بەسیج لە تاران و شارە گەورەکانی دیكه‌ی ئێران دێنێتە مەیدان و حکومەت نیزامیەکی توند و ڕانەگەیەندراو بە کردەوە به‌ره‌وڕوو ده‌بێت. لە ئاکامی ئەم هێرشە سەرکوت گەرانەی دوژمندا بۆسەر ڕیزی خۆپیشاندەران لە ساتەکانی سەرەتاوە تا ئێستا زیاتر لە ٢١ کەس گیانیان لەدەست داوە، دەیان کەس بریندار و بە هەزاران کەسیش گیراون. بەڵام ڕه‌وشتی ناسراوی سەرکوت گەرانەی دوژمن دەکرێ پوچەڵ بکرێتەوە. یەکێک لە گرنگترین خاڵە بەهێزەکانی ئاخیزی شۆڕشگێڕانەی ئەم دواییە سەرتاسەری بوونییەتی. دەکرێ بە بەردەوام بوون و پەرەدان بە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی دیكه‌ی ئێران، بەر بەوە بگیرێت کە سپای پاسداران هێزە سەرکوتگەرەکانی لە تاران و شارە گەورەکانی دیكه‌ و لە کوردستان جێگیر بكات. پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی لە ئاستێکی سەرتاسەریدا و بەکارهێنانی تاکتیک و داهێنانی گونجاو لە وەڕیخستنی ناڕەزایەتیی لە شارە گەورەکان، هێزە سەرکوت گەرەکانی ڕژیم لە تاران توشی ڕاڕایی و دوودڵی دەکات. لەم بارودۆخەدا مانگرتنی کرێکاران لە ناوەندە پیشەسازییە گەورەکان لەوانە پیشەسازی نەوت و پیتروشیمییەکان و گواستنەوە و گەیاندنی خێرای هه‌واڵه‌كان دەتوانێ ماشێنی سەرکوتی دوژمن ناكارامه‌ بکات و ناڕەزایەتیی جەماوەری بخاتە قۆناغێكی نوێوە.

دوایین وتاری رۆژ