به‌ستینی كۆمه‌ڵایه‌تی شكڵگرتنی شۆڕشی١٣٥٧ی ئێران و هۆكاره‌كانی شكستهێنانی (به‌شی چوارەم و کۆتایی)


2018-02-13 | ۱۳۹۶-۱۱-۲۴

له‌ به‌رنامه‌ کانی پشوودا باسی به‌ستێنی بابه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی شكڵگرتنی شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێرانمان كرد. هه‌روه‌ها بارودۆخی سیاسی جیهانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و رۆڵ و نه‌قشی زلهێزه‌كان له‌ گۆڕانكاری ئه‌و ده‌وره‌یه‌مان ده‌ستنیشان كرد. پاشان چوينه سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخێك كه‌ بووه‌ هۆی هاتنه‌ سه‌ركاری رژیمی ئیسلامی له‌ ئێران. له به‌شی چواره‌م و كۆتاییدا باسی ئه‌وه ده‌که‌ین كه‌ چۆن و به‌ چ هۆكارگه‌لێك دژه‌ شۆڕشی ئیسلامی به‌سه‌ر شۆڕشی ئێراندا زاڵ بوو و له‌ چ قۆناغێكدا ده‌توانین بڵێین شۆڕشی ئێران به‌ته‌واوه‌تی تێكشكا. ده‌وری رۆشنبیران و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كان دژ به‌ رژیمی شا كه‌ سه‌ریان بۆ رژیمی ئیسلامی دانه‌واند، چی بوو؟

فریوکاری خو‌مه‌ینى و شاردنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانى له‌ راى گشتى كۆمه‌ڵگا، مه‌جال و ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى پێبه‌خشى كه‌ خۆى بۆ سه‌ركوت كردنى نه‌هایی شۆڕش ئاماده‌ بكات. سازكردنى چه‌ندین به‌رنامه‌ و رووداوى درۆینه‌ و بێ بنه‌ما به‌ مه‌به‌ستى سه‌رقاڵكردن و وروژاندنى هه‌ستى جه‌ماوه‌ر، كه‌ نموونه‌ى هه‌ره‌به‌رچاویان، داگیر كردنى باڵوێزخانه‌ى ئا‌مریكا له‌ تاران و به‌ بارمته‌ گرتنى ٤٤٤ رۆژه‌ى دیپلۆماته‌كان و وتنه‌وه‌ى دروشمى دژی‌ ئا‌مریكایى، كه‌ به‌ مه‌به‌ستى ئاماده‌كردنى جه‌وه‌كه‌ بۆ سه‌ركوتكردنى دڕندانه‌ى تێكۆشه‌رانى واقیعى دژه‌ ئیمپریالیست دارێژرا بوو، شانۆی پاڵپشتى موسته‌زعه‌فان و پشت كردن له‌ ماڵى دونیا، دروست كردنى وه‌هم سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنى دادوه‌رانه‌ى سه‌روه‌ت و سامان لاى جه‌ماوه‌رى هه‌ژار، پێشوازى كردن له‌ شه‌ڕى ئێران و عێراق به‌ مه‌به‌ستى ئاماده‌ راِگرتنى كۆمه‌ڵگا و هه‌وڵدانى به‌رده‌وام بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر زانستگاكان و داخستنیان به‌ بیانووى شۆڕشى فه‌رهه‌نگى، نموونه‌گه‌لێكن له‌و خه‌ڵك خه‌ڵه‌تاندنانه‌ى خومه‌ینى كه‌ به‌ ئامانجى ستراتیژی دامركاندنى ئاگرى شۆڕش به‌ڕێوه‌ ده‌بران. به‌م شێوه‌یه‌ خومه‌ینى وه‌ك ستراتیژیستێكی دژه‌ شۆڕش، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ى به‌ده‌ستهێنا تا به‌ به‌رده‌وامى گورزى خۆى ئاراسته‌ى شۆڕشى تازه‌ سه‌رهه‌ڵدراوى ئێران بكات. كۆمارى ئیسلامى شۆڕشى ئێرانى له‌ گشت بواره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا تووشى شكست كرد. له‌ بزووتنه‌وه‌ى كرێكارانه‌وه‌ بگره‌ تا بزووتنه‌وه‌ى ژنان و خوێندكاران و بزووتنه‌وه‌ى كوردستان، واته‌ گشت ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ى كه‌ له‌ رووخاندنى رژیمى شادا رۆڵى سه‌ره‌كییان بوو، یه‌ك له‌ دواى یه‌ك كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشى به‌رنامه‌بۆداڕێژراو و دڕندانه‌ى رژیمى تازه‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئیسلامى. ته‌نها له‌ گۆڕه‌پانى بزووتنه‌وه‌ى كوردستاندا بوو كه‌ خۆڕاگرى، درێژخایه‌ن بوو و تا ئێستاش هه‌ر درێژه‌ى هه‌یه‌. كۆمه‌ڵگاى ئێران تا ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى ده‌یه‌ى شه‌ست، هه‌ر له‌ جۆش و خرۆشدا بوو و شۆڕش به‌ شێوه‌ى به‌ربه‌ره‌كانێى هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ دژایه‌تى كردنى شۆڕشى ئیسلامیدا خۆى ده‌نواند.

  به‌ڵام، رژیمى ئیسلامى چۆن توانى شۆڕش سه‌ركوت بكات؟ هۆكاره‌كانى ئه‌م رووداوه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانى رۆشنبیران و هێزه‌ سیاسییه‌كان تێپه‌ڕ ده‌بێت و پێوه‌ندى به‌ گۆڕانى هاوسه‌نگى هێزى شۆڕش و نه‌یارانى شۆڕش، پاش راپه‌ڕینى رێبه‌ندانی ٥٧ وه‌ هه‌یه‌. له‌ سه‌رله‌به‌یانى ٢٢ى به‌همه‌ن به‌م لاوه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ ره‌وتى ئیسلامى ریزه‌كانى خۆى رێكخست و پته‌وترى كرد و به‌ خێرایى ئه‌و داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن راپه‌ڕینه‌وه‌ زیانییان پێگه‌یشتبوو ساخ و نوێژنی كرده‌وه‌ و گه‌شه‌ى پێدان و ئاماده‌تر و رێك و پێك تر له‌ رژیمى شا دژ به‌ شۆڕش به‌كارى هێنان.

  له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ په‌ره‌سه‌ندنى شۆڕش له‌ بوارى كۆمه‌ڵایه‌تییدا به‌ره‌و لاواز بوونه‌وه‌ ده‌چوو. "حیزب" یان "به‌ره‌یه‌كى" به‌هێزى سۆسیالیستى و جه‌ماوه‌رى له‌ گۆڕه‌پانى سیاسى ئێراندا نه‌بوو. رێكخراوه‌یه‌كى سه‌رتاسه‌رى و گشتگیرى كرێكارى نه‌بوو. لایه‌نى راستى هێزه‌ سیاسییه‌كان، واته‌ بورژوازى لیبراڵ، سه‌ڵاحییه‌تى مێژوویى، كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى پێویستى بۆ بوون به‌ به‌دیلێك له‌ به‌رانبه‌ر ره‌وتى ئیسلامیدا، تێدا نه‌مابوو.

  بێگومان نكۆڵى له‌ هه‌ڵه‌كانى رۆشنبیران و هێزه‌ سیاسییه‌كان ناكرێت و پێویسته‌ له‌ شوێنى خۆیدا پێداچوونه‌وه‌ى زۆرترى بۆ بكرێت. ئه‌وه‌ى كه‌ حیزبى تووده‌ و سازمانى ئه‌كسه‌رییه‌ت بوون به‌ ماستاوچى كۆمارى ئیسلامى و به‌م بۆنه‌وه‌ له‌ مێژووى سیاسى ئێراندا به‌دناوى هه‌تاهه‌تاییان بۆ خۆیان تۆمار كرد. ئه‌وه‌یكه‌ حیزبى ره‌نجبه‌ران وه‌ك رێبه‌رانى نه‌ته‌وه‌یى و دژه‌ئیمپریالیزم سه‌یرى خومه‌ینى و "به‌نی سه‌در"ى ده‌كرد و تا ئێستاش گورزى دره‌نگ تێگه‌یشتنى خۆى به‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌یكه‌ لیبراڵه‌كانى به‌ره‌ى نه‌ته‌وه‌یى واته‌ (جبهه‌ملى) به‌ پاشماوه‌خۆرى حكومه‌تى ئیسلامى، به‌ وته‌ى مێهدى بازرگان به‌ (ژیانى لاوازى خائینانه‌) رازى بوون و به‌ره‌ومه‌رگى سیاسى خۆیان هه‌نگاویان هه‌ڵگرت. هه‌ڵبه‌ت به‌داخه‌وه‌ گشت ئه‌مانه‌ دیارده‌گه‌لێكى واقیعى بوون و له‌ ئاستى خۆیاندا زه‌ره‌ر و زیانیان ئاراسته‌ى شۆڕشى ئێران كرد. به‌ڵام به‌ ته‌ئكید نابێ هۆكاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى شكست هێنانى شۆڕشى ئێران له‌ كردار و وتارى ئه‌م هێز و رۆشنبیرانه‌دا ببینین. چونكه‌ بۆچوونه‌ دواكه‌وتوانه‌كانى جه‌لالی ئالى ئه‌حمه‌د و شه‌ریعه‌تى و كه‌سانى وه‌ك ئه‌وان، پێشتر ئه‌ركى خۆیان بۆ رازاندنه‌وه‌ى سیاسه‌تى خومه‌ینى و ره‌وته‌ ئیسلامییه‌كه‌ى، به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌نجام دابوو. كارى سه‌ركوت كردن و پاشه‌كشه‌ پێكردنى شۆڕش، له‌م قسانه‌ ترازابوو. ده‌زگاى تازه‌ى سه‌ركوت، وه‌ڕێكه‌وتبوو و گه‌یشتبووه‌ قۆناغێك كه‌ ته‌نانه‌ت مه‌جالى هه‌ڵه‌كردنیشى به‌ رۆشنبیره‌كان نه‌ده‌دا. رژیمى ئیسلامى نه‌ته‌نیا هێز و هه‌ڵسووڕاوانی سیاسى به‌ڵكوو به‌ ته‌واوه‌تى، بوونى بزووتنه‌وه‌‌ پێشكه‌وتنخوازه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى كردبۆوه‌ ئامانج. به‌ ناوى (نێعمه‌تى ئیلاهى)یه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى میلیتاریزه‌ كردنى كۆمه‌ڵگاى ئێران پێشوازى له‌ شه‌ڕى عێراق كرد. نه‌ته‌نیا ئه‌نجومه‌نه‌ كرێكارییه‌كانى له‌ناو برد، به‌ڵكوو كارگه‌كانى داخست و كرێكاره‌كانى ره‌وانه‌ى گۆڕه‌پانى شه‌ڕ كرد. له‌ ئیسفه‌هان و به‌نده‌ر ئه‌نزه‌لى و تاران و شوێنه‌كانى تر، كرێكاره‌ بێكاره‌ ناڕازییه‌كانیان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌. نه‌ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تى هێزه‌ سیاسیه‌كانیان له‌ زانستگه‌كان كۆكرده‌وه،‌ به‌ڵكوو زانستگه‌كانیان داخست و ئه‌ساسى بزووتنه‌وه‌ی خوێندكارییان سڕییه‌وه‌. هێرشى سه‌ربازییان كرده‌ سه‌ر كوردستان و توركمه‌ن سه‌حرا و له‌ ناوچه‌كانى تر به‌ هه‌زاران كه‌سیان له‌ شه‌قامه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر و له‌ زیندانه‌كاندا ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدامیان كردن. له‌و باروودۆخه‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه‌ سیاسیه‌ نه‌یارانه‌ى كه‌ هێرشیان كرابووه‌‌ سه‌ر، عه‌قڵیه‌تى ئه‌وه‌یان تێدا بوایه‌ كه‌ پاشه‌كشه‌یه‌كى تێگه‌یشتووانه‌ ئه‌نجام بده‌ن، ده‌یانتوانى رێژه‌ى له‌ناوچوونى هێزه‌كانیان كه‌متر بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ توانایى شیكردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌و گۆڕانكارییه‌ى كه‌ له‌ ئارادا بوو بێبه‌هره‌ بوون. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدا بوو كه‌ (شۆڕش) رێگه‌ى شكستى ده‌پێوا و له‌ ژێر گورزى به‌رده‌وامى (دژه‌ شۆرشى ئیسلامى) دا دوایین هه‌ناسه‌كانى ده‌كێشا. زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ نه‌یانده‌ویست باوه‌ڕ به‌ شكست هێنانى شۆڕش بكه‌ن، له‌و رۆژانه‌دا به‌و په‌ڕى نائۆمیدییه‌وه‌ سه‌ریان له‌ به‌رد ده‌كوتا و ئه‌مڕۆش وێڕاى سه‌رزه‌نشتى راِبردووى خۆیان، به‌ بێ ئینسافییه‌وه‌ هه‌ڵه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى گشت كۆمه‌ڵگا و تۆوی بێ ئۆمێدى سه‌باره‌ت به‌ شۆڕشى داهاتوو له‌ مێشكى خه‌ڵكدا ده‌چێنن. كه‌واته‌ نابێ رووداوگه‌لێكى ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ تا ئاستى هه‌ڵه‌ بچووكه‌كانى ئه‌م و ئه‌و دابه‌زێنین. با و‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ كه‌ بۆچى ئیسلامگه‌راکان توانیان شكست به‌ شۆڕشی ١٣٥٧ بهێنن، به‌م شێوه‌یه‌ كورت بكه‌ینه‌وه: چونكه‌ توانایى مادى و رێكخستنى ته‌واویان بۆ تێكشكاندنى شۆڕش به‌ده‌ست هێنابوو و به‌و په‌ڕى بێڕه‌حمییه‌وه‌ به‌كاریان هێنا.

دوایین وتاری رۆژ